سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فێسبووك نووسیویەتی “هەموو ئەو لایەنانەی پشتگیرییان بۆ دادگای باڵا دەربڕیوە، دژایەتی فیدراڵییان ڕاگەیاند، سەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە وەكالەت و لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دادگای باڵای بەناو فیدراڵی، لە بەیانەكانیاندا بە هیچ شێوەیەك باسیان لە نیزامی فیدراڵی نەكردووە”.
شێروانی زیاتر نووسیویەتی ” چ بە ڕێكەوت بێت یان ڕێككەوتن، هەموویان تەنیا ئاماژەیان بە سیستمی دیموكراتی داوە، لە كاتێكدا لە مادەی یەكی دەستووری جێبەجێنەكراوی عێراق بەوە دەست پێ دەكات (كۆماری عێراق وڵاتێكی فیدراڵییە…)”.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرلاانی عێراق زیاتر روونیكردۆتەوە” ئەمەی ڕوو دەدات سروشتی نییە و پیلانێكی مەترسیدارە بە هاوئاهەنگی چەند لایەنێكی دیاریكراوی دژە هەرێم دەكرێت، بەداخەوە لایەنێكی دیاریكراوی هەرێم ڕۆڵی سەرەكی لەو یارییەدا هەیە و دەیانەوێت سیناریۆی 1961 و 1975 دووبارە بكەنەوە، بۆیە پەیامی پارتی زۆر پێویست بوو، پێویستە تەواوی چین و توێژ و پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتی لە پەیامی پارتی بكەن لەپێناو پووچەڵكردنەوەی ئەو پیلانە مەترسیدارەی دژی هەرێم و هاووڵاتییانی”.