زاری كرمانجی-سۆران
بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیری ئاشووری دیانا، دەڵێت: بە هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكان، نەك ئێمە بەڵكو گشت بێكهاتەكان ئەو كەسانەی كە داكۆكی لە مافی مرۆڤ و مافی پێكەوە ژیان و مافی ڕۆشنبیری و سیاسی و گشتییەكان لەسەر ئاستی عێراقدا دڵگرانن.
ئیڤان جانی، مامۆستای زانكۆ و بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیری ئاشووری دیانا، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” بەداخەوە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی بە هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكان، نەك ئێمە بەڵكو گشت بێكهاتەكان ئەو ئەو كەسانەی كە داكۆكی لە مافی مرۆڤ و مافی پێكەوە ژیان و مافی ڕۆشنبیری و سیاسی و گشتییەكان لەسەر ئاستی عێراقدا دڵگرانن، ئەوەی زیاتر ئێمەی دڵگران كردووە نەبوونی هیچ پاساوێكە یان سەنەدێكی دەستووری كە پشت پێ بەسترێ، كە بڕیارێكی وا بدرێت كە لە كورسی كۆتا بێبەش بكرێن لە كاتێكدا كورسی پێكهاتەكان لە بەغداشدا هەیە، ئایا چۆن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لای خۆیان بە بڕیار و بە یاسا ڕێكیان خستووە”.
دەشڵێت : ” ڕاستە بڕیارەكە یاساییە ناتوانین ئێمە تانەی لێ بدەین، بەڵام پێویستە لەسەر ئاستی جیهان و لایەنە پەیوەندیدارەكان چ حیزب بێت یان كۆمەڵگەی مەدەنی، تەنانەت بە ئایینەكانیشەوە بە هەموو شێوەیەك دژی ڕابوەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرە بڕیارانە بە قورسی لەسەر حكوومەتی عێڕاق دەوەستێتەوە، لەبری وڵاتێكی دیموكراسی، بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاو دەنێت، ئەوە دەگەیەنێت كە تەنها لەلایەن چەند كەسێك و چەند گروپێكی پەیوەست و بەستراو بە چەند لایەنێكی هەرێمی كار لەسەر لابردن و تێكدانی سڕینەوەی شوناسی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم وڵاتە و پێكهاتەكان دەكەن، ئەمەش جێگای داخەو چاوەڕوان نەكراو بوو، لەكاتێكدا چاوەڕوانی بڕیارو شتی باشترمان لە حكوومەتی عێراق دەكرد”.
ئەوەشی خستەڕوو : ” لەم نێوانەدا ئێمەی پێكهاتەكان ئەبینە ئاگری سووتەمەنی شەڕێكی هەرێمایەتی یان شەڕێكی نێوخۆیی نێو باڵ باڵەكانی چ حزبی بێت یان پێكهاتەو نەتەوەو مەزهەبی جیاوازی تر بێت، دەبوایە مەسەلەی پێكهاتەكان بە بە دوور بخرێت لەم كێشانە، ئەگەر مەسەلەكە كێشەی ژمارە بێت ئەتوانرا بە شێوەیەكی هاوسەنگ ئیش لەسەر دابەشكردنی ئەم كورسییانە بكرێت، چۆن كورسیەكانی هەرێمی كوردستانیان دابەش كردووە، بە سەر هەر چوار پارێزگا ئەو كاتە بە پێی ژمارەی پێكهاتەكان كورسییەكان دووبارە دابەش ببنەوە، نەك بە جارێك هەڵوەشاندن و لابردنیان كە بەڕاستی ئەمە كارێكی زۆر قیزەوەن و نا یاساییە و دژبە هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤە.