بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك دەستگیر كردنی 33 كەسی بە تەمەتی قومار كردن لە مانگی رەمەزان راگەیاند و بەپێ ماددەی 389 لە یاسای سزادانی عێراقی رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.
لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی پارێزگای كەركوكدا هاتووە” دوای دەستكەوتنی زانیاریی ورد و دروست، سەبارەت بە بوونی هۆڵێكی یاری قومار لە گەڕەكی قۆرییە، هێزەكانمان چوونەتە شوێنی رووداوەكە و 33 كەسیان دەستگیر كردووە”.
زیاتر روونكراوەتەوە” لەو كاتەی هێزەكانمان چوونەتە ناو هۆڵەكە ئەو كەسانەی لەوێ بوون سەرقاڵی قوماركردن بوون و بازرگان و خاوەنكاری ناوداری تێدابووە، و لە رێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە بەڵگەكان كۆكراونەتەوە و لەبەردەستدان لەسەر بەڕێوەچوونی قومار لە هۆڵەكەدا، كە پێچەوانەی یاسا و دابونەریت و ئاین و پیرۆزی مانگی رەمەزانیشە”.
پۆلیسی كەركوك ڕوونیشیكردۆتەوە” ئێستا بە گوێرەی ماددەی 389 لە یاسای سزادان كەسەكان دەستگیركراون و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە”.