مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان و بە سەدان كەس بوونە قوربانی.
شەوی ڕابردوو لە كاتی بەڕێوەچوونی كۆنسێرتێكی میوزیك لە هۆڵی كرۆكۆس كە دەكەوێتە دەوروبەری مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا، ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر ئامادەبووانی نێو هۆڵەكە و زیاتر لە 60 كەسیان كوشت و بە دەیانی تریشیان بریندار كرد.
بەپێی دواین سەرچاوە هەواڵییەكانی ڕووسیا، لە هێرشەكەدا 62 كەس بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی چەكدارەكانەوە گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە 100 كەسی دیكەش برینداربوون.
دوای ڕووداوەكە ڕێكخراوی داعش لە تێلێگرام ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردوەوە و بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ و ڕاگەیاند “هێرشمان بۆسەر كۆبوونەوەیەكی فراوان لە مۆسكۆی پایتەخت ئەنجام داوە و ئەندامەكانمان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە پێگەكانی خۆیان.”