زاری كرمانجی-سۆران:
رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارەتی هێرشە چەكدارییەكەی شەوی رابردووی سەر هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا گرتە ئەستۆ كە بووە هۆی كەوتنەوەی نزیكەی 200 قوربانی.
رێكخراوی داعش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: چەكدارەكانمان هێرشەكەی سەر شاری مۆسكۆیان ئەنجام دا و دوای هێرشەكەش سەرجەم هێرشكاران بە سەلامەتی گەڕانەوە شوێنەكانیان.
راشیگەیاند: هێرشەكە بۆ سەر ژمارەیەكی زۆری كریستیان لە شاری كراسنۆگۆرسك لە دەوروبەری مۆسكۆ ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی سەدان كەس و زیانێكی زۆر بە شوێنەكە.
شەوی رابردوو لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرشكرایە سەر مۆڵێك و هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە دەوروبەری شاری مۆسكۆ، هێرشكاران تەقەیان لە خەڵكی ناو مۆڵەكە و هۆڵی ئاهەنگەكە كرد و بەهۆیەوە 60 كەس كوژران و زیاتر 120 كەسی تریش بریندار بوون.