زاری كرمانجی – هەولێر:
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە قەبووڵی ناکەن کورد بە دوو کاندیدەوە بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار بچێتە بەغدا.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 08ـی 10ـی 2022 لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند: هەمیشە بەڵێن بە کورد دراوە داهاتووی باشتری دەبێت، کورد میللەتێکی بەشخوراو بووە و بووەتە قوربانیی سیاسەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاشیگەیاند: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە و کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت نوێنەراێتیی کوردستان بکات، شانازییەکی گەورەیە من وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەستنیشان کراوم.
هەروەها گوتی: دەبێت خوێندنەوەمان بۆ ڕابردوو هەبێت، دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، دەستووری ئێستای عێراق نوێنەرایەتیی هەموو خەڵك ناکات، هەروەها سەرۆک کۆماری عێراق هەوڵی جێبەجێکردنی دەستووری نەداوە.
گوتیشی: بەگوێرەی دەستوور تەنها یەک هەرێم لە عێراق هەیە، سیستەمی سیاسیی عێراق سەرکەوتوو نەبووە و دەمەوێت دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت.
ڕێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە ئهگهر دیاریكردنی بهربژێری كورد بۆ پۆستی سهرۆک كۆمار لهناو پهرلهمانی كوردستان شەرمەزارییە بۆ ههندێک لایهن، ئێمە ئامادهین لهناو پهرلهمانتاری كوتله كوردییهكانی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق ئهو پرسه یهكلایی بكرێتهوه.
جەختیشی کردەوە کە ئێمە قەبووڵی ناکەین کورد بە دوو کاندیدەوە بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار بچێتە بەغدا و نابێت ببێتە هۆی کێشە لەنێو کورد.
ڕێبەر ئەحمەد هەروەها گوتی: پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بەبێ لایەنی براوەی هەڵبژاردن لاسەنگ دەبێت و هەر حکوومەتێک دروست ببێت بەبێ لێکتێگەشتن لەگەڵ سەدر کێشەی بۆ دروست دەبێت. گوتیشی: حکوومەتێک ببێتە هۆی خوێنڕشتن، زیانی زیاترە وەک لە سوود.
باسی لەوەش کرد کە ویستی جێبەجێکردنی بەڵێن لە عێراق لاوازە، هەروەها بڕیاری سیاسی لە دەستی عێراقییەکان نییە.
ڕێبەر ئەحمەد هەروەها دەڵێت، هەمیشە داوای دیموکراسیمان بۆ بەغدا کردووە، عێراق فاکتەرێکی نائارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان بووەتە سەقامگیرترین شوێن لە ناوچەکە، کاریگەرییمان لەسەر بڕیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، دەمانەوێت پێکەوەژیانیی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ عێراق، بەڵام بەشێکی عێراقییەکان ئامادەنین یەکتر قبوڵ بکەن.
سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان دەشڵێت، سەرۆک بارزانی لەسەر چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان پێداگر بووە
ئەو کاندیدەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش دا کە کێشەکان ئەگەر بە دەستوور چارەسەر نەکرێن بە چەک چارەسەر نابن.