زاری كرمانجی -هەولێر:
ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری سبەی خوێندنەوەی دووەمی تەواو دەبێت و دواتریش پەسەند دەکرێت کە خاڵی زۆر باشی تێدایە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەکرێت.
ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، گولستان باقی سلێمان، گوتی: ”بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری لە پەرلەمانی کوردستان بەردەوامین لە خوێندنەوەی دووەم و تا ئێستا 168 ماددە خوێندنەوەی بۆ کراوە کە خۆی 182 ماددەیە و سبەی خوێندنەوەی دووەمی تەواو دەبێت و دواتر دەخرێتە دەنگدان و پەسەند دەکرێت.”
گولستان باقی سلێمان گوتیشی: ”چەندین گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت کە بە یاسا ڕێک خراوە، بۆ نموونە، ئەوانەی دزە بە پرسیاری وەزارەی دەکەن سزایان بۆ دانراوە کە سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و سزای ماددییشی هەیە و دوور دەخرێتەوە، چونکە ئەوە گلەییی زۆری لێ دەکرا و پرۆگرامی خوێندن پێویستە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ پێداچوونەوەی پێدا بکەن و دایبنێن، بۆیە کە بوو بە یاسا کەس ناتوانێت هەڵە بکات لە پرۆگرامی خوێندن و ڕێزگرتن لە قوتابی کە چۆن مامۆستا وا بکات ژینگەیەکی ساخلەم بڕەخسێنێت و قوتابی بەردەوام بێت لە خوێندن و بەرانبەریش ڕێزێکی زۆر لە مامۆستا بگیرێت و قوتابخانە حکوومییەکان بە چ شێوازێک دابنرێن، بۆیە پێشتر ڕێنوێنی بوو، ئێستا دەبێتە یاسا.”
گوتیشی: ”جگە لەوەش، لەو یاسایەدا باسی ئەوەش کراوە کە بەڕێوبەر چۆن دابنرێت و لەسەر چ پێوەرێک بێت و بەشە وانەکان بۆ هەر خاوەن بڕوانامەیەک چۆن دابنرێت و چۆن بەسەر مامۆستایاندا دابەش بکرێت، ئەوانە هەمووی دیاری کراوە، بۆ ئەوەی میلاک ڕێک بخرێت، چونکە هەندێک کەم وانە دەڵێنەوە و هەندێکیش زۆر، بۆیە ئەوە ڕێک دەخرێت.”