شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی، دەڵێت” رۆژووگرتن سوودێكی زۆری هەیە و لەم بابەتەدا ئاماژە بە چەند خاڵێكی دەكەین.
د. داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و شەكرە، دەڵێت” گرنگترین سوودەكانی رۆژووگرتن دەخەینەڕوو، لەوانە:
-دابەزینی كێشی لەش، دوای 8 كاتژمێر لە نەخواردن گەدە بەتاڵ دەبێ، جەستە بۆ بەدەستهێنانی وزەی پێویست پەنا دەباتە بەر ئەو گلوكۆزەی لەناو ماسوولكە و جگەردایە، بۆیە هەست بە شەكەتی ماسوولكەكان دەكەین دوای تەواوبوونی شەكری پاشەكەوتكراو ئینجا چەوری زیادە دەتوێتەوە بۆیە كێش دادەبەزێت، هەروەها كەسانی بەڕۆژوو لە رۆژێكدا 1200 كالۆری دەسۆتێنن ئەگەر خواردنیان تەندروست بێت نزیكەی 4 كیلۆ لە كێشیان دادەبەزێ.
-دووركەوتنەوە لەخواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەكی درێژ لەش پاك دەكاتەوە لە ژەهر و ماددە زیانبەخشەكانی جەستە، ریخۆڵەكان خاوێن دەكاتەوە و سوڕی خوێن چالاك دەكات.
-چەندین توێژینەوە دەریان خستووە كە رۆژووبون رێژەی چەوریە خراپەكانی وەك چەوری دڵ و سەر جگەر دادەبەزێنێت و رێژەی چەوری باش بەرز دەكاتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی چەوری پاشەكەوتكراوی ژێر پێست و سەر جگەر لەلایەن جەستەوە دوای تەواوبوونی شەكری پاشەكەوتكراو.
-رۆژووگرتن بەرگری لەش بەهێز دەكات و ئاستی دژەئۆكسان و دژەهەوكردنەكانی وەكو IL-1b, IL-6, tumour necrosis factor زیاد دەكات، ئەمانەش كاریگەری باشیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی مردنی خانەكان و شێرپەنجەكان و تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پاركینسۆن، هەروەها رۆژووگرتن ژمارەی خڕۆكە سپییەكان زیاد دەكات و خڕۆكە پیرەكان رادەماڵێت بەمەش سیستەمی بەرگری بەهێزتر دەكات.
-هەرچەندە لە سەرەتایی بەڕۆژووبون بەهۆی وشكبوونەوە و دابەزینی ئاستی شەكری خوێن و تێكچوونی كاتی خەو و خواردن، باری دەروونی تێك دەچێت، بەڵام وردە وردە كەسی بەڕۆژوو لەگەڵ ئەم بارە تازەیە رادێت، لە كۆتاییدا بەهۆی زیاد دەردانی هۆڕمۆنەكانی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین و بەهۆی تازەبوونەوەی خانەكانی مێشك، بەڕۆژووبونی كاریگەری باشی دەبێ بۆ كەمكردنەوەی خەمۆكی و سترێس و دڵەڕاوكێ، هەروەها بەرزكرنەوەی ئاستی ئاگایی و رێزگرتن لە خۆت، لەلایەكی دیكەشەوە رێگایەكی كاریگەرە بۆ چارەسەری حاڵەتەكانی گیرۆدەی بە جگەرە و كەحول و ماددە هۆشبەرەكان.