ئەڤین بارزانی
پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین.
لە هەرێمی کوردستان دۆخێکی زۆر جیاواز هەیە، ئیرادەیەکی جیاواز هەیە کە خۆی بەسەر حەقیقەتدا دەسەپێنێت، لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین پیلانێک هەیە و ئامادەکاری بۆ ئەوە ئامادەکراوە. پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقە کە داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەکات.
پارتی بەم بڕیارە جارێکی تر بۆ جیهانی سەلماند کە ئیرادەی هەیە، بڕیارە سیاسییەکانی لە دەستیدایە، لەژێر فشاری ئێران و هیچ هێزێکی دیکەدا بڕیار نادات. دیارە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت، ئێستا پارتی تۆپەکەی فڕێداوەتە ناو گۆڕەپانی عێراق، ئەوکات دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین هەنگاوەکانی داهاتووی پارتی چی دەبێت.
بە بڕوای من دوور نییە پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەربچێت، چونکە زۆر بێمانایە لە حکومەتێکدا بیت کە نانی هاوڵاتیەکانت ببڕێت و سوکایەتی بە گەلی کوردستان بکات. بریاری پارتی لە راستی دا خواستی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، دواتر پارتی بڕیاری دیکە دەدات، لەگەڵ کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزتر دەبێت.
پێشبینی دەکەم چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببێتەوە و بڕیاری خێرا بدات سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی و بارودۆخی ئێستا، چونکە بڕیاری پارتی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن نەک تەنها کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت، چونکە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هێزی عێراق بوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەهێزە و باوەڕی بە گەلەکەی هەیە بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، چونکە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ماندوون لە بڕیارەکانی دادگای بەناو فیدراڵی و دەیانەوێت ئەو کارانە سنووردار بکەن، بێگومان تەنیا هێزەک کە بتوانێت بریارێکی وا قورس بیدات پارتیە، ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە.