زاری كرمانجی – سۆران :
پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ دووشەممە 18ـی ئادار، راگەیێندراوێكی لەبارەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوەو رایگەیاند: ”لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەكەمانی دەزانین كە بەشداریی هەڵبژاردنێكی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێكی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەكەین.”
هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە بارەی بڕیارەكەوە رایگەیاند كە بڕیارەكەی پارتی، بۆ راستكردنەوەی ئەو رێڕەوە هەڵە دەستورییەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بۆ تاك پێكهاتە بردوە.
دەشڵێت “بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عێراق، پارتی 44 كورسی و یەكێتی 21 كورسی و نەوەی نوێ 18 كورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەدەستدەهێنن.”
پارتی لەهەموو هەڵبژاردنەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق هێزی یەكەمی بێ ركابەر بووە
هەورامی وتیشی “پارتی بۆیە هەڵوێستی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا كە رێككەوتنێكی سیاسی و ئیداریمان لەگەڵ حكومەتەكەی ئێستای محەممەد شیاع سوودانی هەیە، یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكەن، بۆ ئەوەی لەوێ بەپێی ماددەی 92ـی دەستوور دادگای باڵای فیدراڵی دروست ببێت.”
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەش دەڵێ “لە چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەموو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی وەستاوینەتەوە.”
لە چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەموو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی وەستاوینەتەوە
لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هێمن هەورامی دەڵێت “ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین پەرلەمانی كوردستان درێژە بەكارەكانی بدات، بەڵام هاوبەشەكانی ئێمە نەیاندەویست هەرێمی كوردستان بڕیارێكی تەشریعی دەربكات بۆ ئەوەی پەرلەمان لەكارەكانی خۆی بەردەوام بێت.”
لەبارەی دەنگەكانی یەكێتیی لە كەركووك، هەورامی دەڵێ “دەنگەكانی یەكێتی لە كەركووك دەنگی سروشتی خۆیان نەبوو، پاداشتی ئەو مجامەلانەیە كە بەردەوام بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و خەڵكی تر دەیكەن.”
دەنگەكانی یەكێتی لە كەركووك، پاداشتی ئەو مجامەلانەیە كە بەردەوام بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و خەڵكی تر دەیكەن
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە درێژەی قسەكانی دا دەڵێ “پارتی خاوەن قەزییە و مێژووە و باوەڕی بە گەلی كوردستان هەیە، كاتێك پارتی داوای هەڵبژاردنی دەكرد، خەڵك شتی ئاودیوی ئەودیو دەكرد.”
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە گۆیا پارتی لە هەڵبژاردن ترساوە بۆیە بڕیارێكی لەو شێوەیی داوە، هەورامی دەڵێ “ئەگەر پارتی لە هەڵبژاردن بترسابایە، دەبوایە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشووی خراپ بوایە، پارتی لەهەموو هەڵبژاردنەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق هێزی یەكەمی بێ ركابەر بووە، تا ئاستی ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنە ئۆرگانییەكانی قوتابییان و سەندیكاكان یەكەمی بێ ركابەرە.”