وەزیری پەروەردە :هەموو مامۆستایەک لەناو قوتابخانەکەی خۆی هەفتەی یەک کاتژمێر ڕاهێنان وەردەگرێت
زاری کرمانجی – سۆران :
ئالان حەمە سەعید،وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند” بە پاڵپشتی مەعنەوی و دارایی ڕێزدار “مەسرور بارزانی” ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی ١٠ی ٢٠٢٢ ، دەست بە پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژیی ڕاهێنانی مامۆستایان کرا لەشاری هەولێر ، پرۆژەی دروستکردنی زیاتر لە (٦٠٠) مامۆستای ڕاهێنەر بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە بواری دیداکتیکی نوێ ( شێوازەکانی وانە وتنەوە ) کە پرۆژەکە ڕاهێنان و کارایی و کارامەییەکانی مامۆستایان گەشەپێدەدات و هاو بەهای دەکات لە قوتابخانەکانی گوند و شارۆچکە و شارەدێ و سەنتەری شارە گەورەکان.
وەزیری پەروەردە باس لەوەشدەکات ” پرۆژەکە گشتگیرە بۆ هەموو مامۆستایان لە سنووری بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام دەدرێت پاش وەرگرتنی (٤٠) کاتژمێر ڕاهێنان مامۆستایان دابەشکارییان بۆ دەکرێت بۆ ناوەندەکانی خوێندن لەهەرێمی کوردستان، هەر ڕاهێنەرێک (١٠ تا ١٢) قوتابخانە و خوێندنگەی بۆ دیاری دەکرێت و هەموو مامۆستایەک لەناو قوتابخانەکەی خۆی هەفتەی یەک کاتژمێر ئەو ڕاهێنانە وەردەگرێت ، مامۆستای ڕاهێنەر بەتەواوی تەفەروغ دەکات بۆ ڕاهینانی مامۆستایانی ئەو قوتابخانانەی بۆی دیاری دەکرێت، تەنها وەرگرتنی ڕاهێنان نابێت بەڵکو مامۆستای ڕاهێنەر کە قوتابخانەکانی ڕووبەروو کراوەتەوە ( بەدواداچوون – Followup ) دەکات بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی شێوازی نوێی وانەوتنەوەکە لەلایەن مامۆستای پۆلەوە و فیدباک لە قوتابیان و خوێندکاران وەردەگرێتەوە و مافی دیدەنی مامۆستای دەبێت لە پۆلدا وفۆرمی هەڵسەنگاندنی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ستراتیژە و داتا و بەڵگەنامەکان پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی مەشق و ڕاهینانی پارێزگاکان دەکات و وەزارەتی پەروەردەش بە ووردی چاودێری پرۆسەکە دەکات و سیستەمێکی ئەلیکترۆنی ئامادەدەکات بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی باش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە. جیا لەوەش پلاتفۆرمی ( ئی ڕاهێنان E- Rahenan ) کە ئامادەکراوە و چەندەها کۆرسی چەند هەفتەی ڕاهێنانی تێدایە کارا دەکرێت بۆ مامۆستایان و مامۆستای ڕاهێنەر لەوێشەوە سەرپەرشتی شێوازی ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین دەکات.
هەنگاوی یەکەم لە بواری دیداکتیکە ، هەنگاو و قۆناغەکانی پاشتر لەبوارە جۆراوجۆرەکان دەبێت وەک( تەکنەلۆژیای فێرکاری ، بەڕێوەبردنی پۆل لە ڕووی کات و چالاکی ، پەروەردەکردن لەسەر بنەمای بونیاتنانی تواناکان، دەرونزانی پەروەردەیی ، پێوەرەکانی دڵنیای جۆریی ، پێوانە و هەڵسەنگاندن )، چەندەها بابەتی ستراتیژیی گرنگ .
لەکۆتاییدا ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گووتی ” ” بەدڵنیایی دوو ساڵی ئایندە خاڵە گەشەکانی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە دەردەکەوێت و توانا و کارامەییەکانی مامۆستایان زۆر گەشە دەکات و دواجار خزمەتی کوالێتی خوێندن دەکات لە قوتابخانە و خوێندگە حکومییەکان و وا دەکات مامۆستایان لە ساڵێکی خوێندن لە نێوانی ( ٢٠ تا ٢٥ ) کاتژمێر لە بوارە جیاوازەکان ڕاهێنان وەربگرن لەناو قوتابخانەکەی خۆیان ، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەت شێوازێکی زانستی بەکاردەهێنێت بۆ دەرهێنانی ( ئەندازەی کاریگەریی) ئەم هەنگاوە گرنگە و ئەنجامەکەشی بۆ هەموان ڕادەگەیەنین.