مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ لە مانگی ڕەمەزان، تا ئێستا ئەو بەشە خۆراكی بڕیار بوو لەو مانگە دابەش بكرێت، دابەش نەكراوە و بریكارێكی دابەشكردنی خۆراك دەڵێ تەنیا سێ ماددە گەیشتووتە دەست ئەوان و چاوەڕێ بەشەكانی تر دەكەن .
بەر لە هاتنی مانگی ڕەمەزان، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند” لە سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا دەست بە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگی ڕەمەزان دەكەین كە لە 11 ماددەی خۆراكی پێكدێت.”
ساڵح حاجی حەسەن بریكاری دابەشكردنی خۆراك لە قەزای ڕواندز، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “لەو بەشە خۆراكەی بڕیار بوو لەگەڵ دەستپێكردنی مانگی ڕەمەزان دابەش بكرێت، تەنیا سێ ماددە كە پێكهاتووە لە (نیسك و شەكر و لەتكەنۆك) گەیشتووتە دەست ئێمە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە (زەیت و دۆشاوی تەماتە و برنج) بگات و ئەو چوار ماددەی تر ( نیشاستە، مەعكەرۆنی، ئاردی سفر و شعریە ) كە بە بۆنەی ئەم مانگەوە زیاد كرابوو هیچ باس و خواسی نییە.”