مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە بیانووی پێشێلكردنی بەهاكانی شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی، ئێران ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جەژنەكانی نەورۆز دەكات و ئامادەكار و ڕێكخەرانی قۆڵبەست دەكات.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ “عابدین ڕۆستەمی، بەر نوێژی هەینی و نوێنەری خامنەیی لە شاری قوروە، بە پشتیوانی و هاوكاریی خەلیل فێعلەگەری، فەرماندەی شاری قوروە، بە پاساوی ئەوەی كە خۆیان دەڵێن پێشێلكردنی “بەهاكانی شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی”، ڕێكخەران و بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لەو شارەدا داوەتە دادگا.”
دەشڵێت “فەرماندەری قوروە لە نامەیەكدا ڕوو بە كەسانی بەقەوڵ خۆیان پێیان دەڵێن “شۆڕشگێڕ” (ئینقلابی)، بەڵێنی داوە لە پێشگرتن بە بەڕێوەچوون لەلایەن ڕێكخەران و بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز كەمتەرخەمی نەكات.”
هاوكات بەهۆی گوشارەكانی نوێنەری خامنەیی بۆ بەڕێوەبەرانی سێ ڕێوڕەسمی دیكەی نەورۆز لە گوندەكانی یالغوزئاغاج، كۆڵاوە و تالاری تەختی جەمشیدی لە شاری قوروە، دۆسیەی پەیوەندیدار بە دەزگای داد لە دژی ڕێكخەران و بەڕێوەبەرانی ئەو سێ ڕێوڕەسمە كراوەتەوە و ئەو ڕێوڕەسمانەش هەڵوەشاونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو ئەوەش هاتووە كە شوێنی نیشتەجێبوونی گەشتیاریی گوندی مەیهەمی خواروو داخراوە و هاوكاتیش بە تۆمەتی “پەرەپێدان و ڕێكخستنی ڕێوڕەسم گەلێكی دژە كولتووری و دژە ئەخلاقی”دۆسیەیەك بە دژی سیروس زارعی، بەڕێوەبەری ئەم كۆمەڵگە كولتوورییە كراوەتەوە.”