محەممەد مەحموود- رواندز:
بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری قەزای رواندز، بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری رواندز دەیەوێت لە پلانی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی، چەند پڕۆژەیەک لە سنووری ناحیەی وەرتێ ئەنجام بدات.
پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشت و گوزاری رواندز، بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە پلانماندایە لە سەنتەری ناحیەی وەرتێ و زینی وەرتێ ، چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری ئەنجام بدەین، بەتایبەتی زینی وەرتێ بەو پێییەی لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و گەشتیاران رووی تێدەکەن، تائێستا وەبەرهێنانمان تێدا ئەنجام نەداوە، لە بەرنامەی ئێمەدایە لە داهاتوو چەند پڕۆژەیەک لەو ناوچەیە بە ئەنجام بگێنین”.
پارێز یوسف، گوتیشی” لە سنووری شارەدێی وەرتێ ٧٢ شوێنی گەشتیاری و (١٣٤٥) کەپر هەنە، ئەو ئامارەش هی ساڵی رابردووە، ئەمساڵ ژمارەی کەپری گەشتیاری زیاتر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار و بوژانەوەی ناوچەکە لە رێگەی پڕۆژەکانی گەشتیارییەوە.