شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” خەواڵویی، شەكەتی، بێهێزی و هیلاكی، دوای رۆژوو شكاندن دیاردەیەكی بەربڵاوە و بەشێكی زۆری رۆژووگران تووشی ئەم حاڵەتانە دەبن.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لە مانگی رەمەزاندا زۆربەی زۆری ئەوانەی بەڕۆژوون دوای بەربانگ خەواڵو، شەكەت و بێهێز دەبن، لێرەدا ئاماژە بە هۆكارەكانی دەكەین.
هۆكارەكان بەگشتی بریتین لەمانە:
-خواردنی بڕێكی زۆر خۆراكی چەور و شیرینی بە پەلە و خێرایی لە كاتی بەربانگ.
-دابەزینی پەستانی خوێن پاش خواردنی ژەمەكان، چونكە بڕێكی زۆر خوێنی لەش دەڕوات بۆ گەددە و كۆئەندامی هەرس.
-دابەزینی ئاستی شەكرە لە خوێن، یەكەم جار ئاستی گلوكۆز بەرز دەبێتەوە بەخێرایی و دوای كەمێك دادەبەزێت بەهۆی رشتنی بڕێكی زۆر لە ئەنسۆلین.
-هیلاكبوون لە ماوەی رۆژوودا كاتی بەڕۆژبوون.
-كۆنیشانەی پڕبوونی گەددە دوای نان خواردن.
- وشكبوونەوەی لەش بەهۆی نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو و شلەمەنی تەندروست.
-كەمی جوڵە و دانیشتن و وەرزش نەكردن.
-كەمی كانزا و ڤیتامینەكان و بەدخۆراكی.
-هۆكاری دەروونی، دڵەڕاوكی و قەلەقی بەردەوام و خەمۆكی.
-خواردنی دەرمانەكانی پەستانی خوێن و شەكرە و نەخۆشییەكانی تر بە شێوازێكی هەڵە.
-تێكچوونی هۆڕمۆنەكان و كەم خوێنی.
نیشانەكانیشی بریتین لەمانەی خوارەوە:
ـــ هەستكردن بە بێهێزی و بێ تاقەتیەكی زۆر راستەوخۆ پاش بەربانگ.
ـــ سەرئێشە و گێژبوون و هەستكردن بە سەر سووڕان.
ـــ تەمبەڵی و نەبوونی توانای ئەنجامدانی هیچ كارێك.
ـــ خەواڵویی و باویشك دانەوەی بەردەوام.
ـــ لەرزین و ئارەقكردنەوە و دڵ پەلە پەل كردن.
ـــ گەڕانەوەی هەستكردن بە برسیەتی بەخێرایی.
ـــ تووڕەیی و دڵتەنگی.