”ئەگەر سەرۆککۆمار دەسەڵاتیشی هەبێت، دەکەوێتە ژێر کاریگەری ململانێیەکان”
زاری کرمانجی-سۆران:
دوای بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها نەبوونی هەڵویست و بێدەنگبوونی سەرۆککۆماری عێراق و بەکارنەهێنانی دەسەڵاتەکانی، بۆتە جێگەی پرسیار و قسە لەسەرکردن. مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت : ”ئەگەر سەرۆککۆمار دەسەڵاتیشی هەبێت، دەکەوێتە ژێر کاریگەی ململانێیەکانی یەکێتی و پارتی .
د. زوبێر رەسول، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان، بۆ زاری کرمانجی گووتی : ئەگەر سەرۆککۆماری عێراق، گریمان ئەو دەسەڵاتەی هەبوو بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی رەتبکاتەوە، ئەوە دیسان دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو ململانێیە سیاسیەی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە، چونکە سەرۆککۆمار هەر هەنگاوێک بنێت، ئەوە دڵنیام پرس بە یەکێتی دەکات”.
ئەو مامۆستای زانکۆیە بۆچوونی وایە، ”ڕاستە پارتی هاوکار بووە، کە سەرۆک کۆمار بێت و ئێستە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات، بەڵام ئەگەر وردی بکەینەوە ئەوە داخلی ململانێیەکانی پارتی و یەکێتی دەبینەوە، بەڵام کلیلی چارەسەری لە قۆناغێکی تری مامەڵەکردنی پارتی و یەکێتییە لەگەڵ یەکتر، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە مەترسیدارەی تووشی هەرێمی کوردستان بۆتەوە”.
زوبێر ڕەسول، پتر روونیکردەوە، دەبێت پارتی و یەکێتی لەسەر فۆڕمێکی نوێی دابەشکردنی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان رێکبکەون، ئەگەر ئەو ململانێیە هەر بەردەوام بێت، لە کۆتاییەکەی مەترسی دیکە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست ببێت.