شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ باس لە سونەتكردنی منداڵانی كوڕ دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات كە لە چ كاتێك نابێت بۆ منداڵەكە ئەنجامبدرێت.
د. محەمەد كەمال، پزیشكی پسپۆڕ و دكتۆرا لە نەشتەرگەری منداڵان، دەڵێت”سونەتكردن بریتییە لە كرداری لێكردنەوەی ئەو پێستە زیادەی سەری كە كۆئەندامی زاوزێی (زەكەری) منداڵی داپۆشیوە و یەكێكە لە باوترین كردارە پزیشكییەكانی نەشتەرگەری منداڵان لە هەموو جیهان.
دەشڵێت” پێویستە ئەمەش بزانن كە لەبەرچی و لە چ كاتێك پێویستە ئەنجامبدرێت، لەوانەش:
-لەڕووی ئاینییەوە بە پێویست دەزاندرێ.
-هەوكردنی بەردەوامی میز و كۆئەندامی میزەڕۆ.
-هەوكردنی سەری كۆئەندامی زاوزێ.
-هۆكارێكی سەرەكییە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی بۆیە پێویستە بكرێت.
-بەگشتی وا گونجاوە لە شەش مانگی سەرەتایی تەمەنی كۆرپە ئەنجامبدرێت.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی دەكات” لەكاتی راكێشانی ئەو پێستە زیادە و نەگەڕانەوەی داوا لە دایكان دەكەم بەهیچ شێوەیەك ئەو پێستە بۆ دواوە رانەكێشن، هەروەها پێویستە ئەوەش بزانن كە لە چ كاتێك نابێت منداڵەكە سونەت بكرێت لەوانەش:
-قەڵەوی و هەبوونی چەوری لەسەرووی كۆئەندامی زاوزێ، بەداخەوە زۆرجار منداڵەكە تووشی گرفت دەبێت بەتایبەت ئەگەر كەسێكی ناشارەزا سونەتكردنەكە بكات.
-كونی میز لە شوێنی خۆی نەبێت و لەخوارەوە بێت.
-لەكاتی سوڕان و خواری كۆئەندامی زاوزێ.
-هەبوونی فتق و كیسەی ئاوی گەورە.
گرفتەكانی سونەتكردنیش بریتین لەمانە:
-خوێنبەربوون و هەوكردن.
-پاشماوەی پیسی بمێنێت و ببێتە كیس.
-ئەگەر كەسی ناشارەزا سونەتكردنەكە بۆ منداڵ ئەنجامبدات لەوانەیە بە تەواوی نەیكات و دووبارەكردنەوەی هەبێت، بۆیە وا باشترە لەلایەن پزیشك و كەسانی شارەزا ئەم كارە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی تووشی ئەو حاڵەتە نەبن.