زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت ” ئەوەی جێگەی نێگەرانیە بەشێك لەلایەنە كورییەكان كەوتۆنەتە ژێر ئەم هەژموونە دەرەكییەی كە دادگای بالای عێراق دژی مافەكانی خەڵك و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەكاری دێنی، ئەمە ئەوپەڕی بێ ئەمەكیە بەرامبەر وڵاتی خۆت.
د.سانع شەریف، مامۆستا لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسیەكان و بەرێوەبردن لە زانكۆی سۆران، گووتیشی: ” دادگای باڵای عێراق بە تەواوی كەوتۆتە ژێر هەژموونی دەرەكییەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كە سیستەمی دادوەری لە عێراق لەلایەن هەژموونی دەرەكییەوە كاریگەرییەكی زۆری لەسەرە و دەستوەردانی زەقی سیاسیە لە كارووباری دادگا. ئەم حاڵەتە بۆتە هۆی ئەوەی كە سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگا بخرێتە ژێر مەترسییەوە و ببێتە هۆی نیگەرانی لەبارەی دادپەروەری و سەروەری یاسا. جگەلەوەش، مەترسییە بۆ سەر یەكپارچەیی و سەروەری دەوڵەتی عێراق. ئەوەی قوربانی ئەم دادگایەیەش ژیانی خەڵكە.
دەشڵێت ” بۆ ڕێگریكردن لە هەژموونی بیانی لە كۆنترۆڵكردنی دادگای باڵای عێراق، پێویستە هەوڵێكی هەمەلایەنە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بدرێت، چونكە مەترسیە بۆ هاتنەكایەوە سیستەمێكی تاكڕەوەی لە عێراق و وەلاخستنی حكومەتی فیدرال و پەرلەمان بەوپێیە ئێستا كەس بە قەد دادگا باڵای عێراق بەشێوەیەكی سیاسی كارناكات، بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕێوشوێنێك دەتوانرێت بگیرێنەبەر، لەوانە لایەنەكانی ناو عێراق جەخت بكەنەوە كە دڵنیابوون لەوەی كە دەستوور گەرەنتی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەكات و میكانیزمەكان دادەنێت، بۆ پاراستنی لە دەستوەردانی دەرەكی. هەروەها بەپەلە دەركردنی یاسایەكی نوێ لە پەرلەمان كە بە ڕوونی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دیاری بكات، لەوانەش میكانیزمەكانی دامەزراندنی دادوەرەكان و شێوازی كاركردنیان.
ئاماژەی بەوەشدا ” هەروەها ئەوەی ئێستا دادگای باڵای عێراق دەیكات بەزاندنی ستانداردە نێودەوڵەتییەكانیشە، بۆیە پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش فشار بخەنە سەر دەوڵەتی عێراق كە پێویستە دادگا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت. لەمەش گرنگتر پێویستە كۆمەڵگەی مەدەنیش ڕۆلی هەبێت لە هۆشیاركردنەوەی ڕای گشتی و چالاكی بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارە دەرەكییەكان لەسەر دادگا باڵای عێراق.
راشیگەیاند ” لە هەمووی گرنگتر پێویستە سەرۆك كۆماری عێراق كە لە پێكهاتەی كوردە، بێ دەنگی بشكێنی و هەلوێست وەرگرێت لە بەرامبەر پاراستنی دەستوور و خەڵكی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆمەگای نێودەوڵەتی و پەرلەمانی عێراق بكات بۆ رێگەگرتن لە كارەكانی داگا چونكە ئەگەر سەرۆك كۆمار بیەوێت و كوردیش بێت دەبێت هەڵوێستی هەبێت.
لە كۆتایدا ئەوە دەخاتەڕوو: ” ئەوەی جێگەی نێگەرانیە بەشێك لەلایەنە كورییەكان كەوتۆنەتە ژێر ئەم هەژموونە دەرەكییەی كە دادگای بالای عێراق دژی مافەكانی خەڵك و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەكاری دێنی، ئەمە ئەوپەڕی بێ ئەمەكیە بەرامبەر وڵاتی خۆت.