شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك، باس لە سوودەكانی خواردنی زەڵاتە دەكات تایبەت لە مانگی رەمەزاندا، دەشڵێت” سەرچاوەی دەرمانخانەی لەشە تایبەت لەم مانگەدا.
د. بەدر سورچی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پزیشكی پسپۆڕی گیادەرمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەو رۆژگارەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین زۆربەمان بەدەست چەندین نەخۆشی وەك چەوری، شەكرە، قەڵەوی، قۆلۆن، قەبزی، گورچیلە و نەبوونی بەرگری لەشمان دەنالێنین، هەر بۆیەش خواردنی زەڵاتە سەرچاوەی سوودە بۆ جەستەمان و نەك تەنها لە مانگی رەمەزاندا بەڵكۆ لە رۆژانی دیكەشدا بیكەنە یەكێك لە ژەمەكانی خواردنتان.
گووتیشی” رۆژانە زەڵاتە بەشێوەیەكی تێكەڵاو دروست بكە وەك تێكەڵكردنی تەماتە، خەیار، خاس، بڕۆكلی، كەلەم، گێزەر، لیمۆ، زەیتی زەیتوون، سركەی سێو، جاترە و زەنجەبیل، كە هەریەك لەمانە سوودی تایبەتی خۆی هەیە بۆ جەستە.
گرنگترین سوودەكانی:
- چەندین جۆر ڤیتامین و تۆخمەكانی تێدایە.
- پاككەرەوەی ژەهر و بەهێزكەری بەرگری لەشە.
- چەوری دەسووتێنێت.
- گورچیلەكان پاك دەكاتەوە.
- دەبێتە هۆی پاككردنی خۆین لە هەوكردن.
- قەبزی و قۆلۆن ناهێلێت.
د. بەدر سورچی، دەشڵێت” تا بكرێ زەڵاتە لە بەربانگ و پارشێو بخۆ، بۆ ئەوانەی قەڵەون پێش نان بیخۆن لەگەڵ سەوزە، ئەوانەی لاوازیشن دوای نان بیخۆن.