مامۆستایەكی زانكۆ بۆ سەرۆككۆمار :
یا هەڵوێست وەرگرە یا دەست لە كار بكێشەوە
دوای بڕیارە دوژمنكارییەكانی دادگای باڵای عێراق، كە لە دژی هەرێمی كوردستان پێكەوە ژیان بوو، شەقامی هەرێمی كوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێكهاتەكانەوە چاوەرێی هەڵوێستی جددی عەبدول لەتیف رەشید سەرۆكۆماری عێراق بوون، بەڵام تا ئێستا نە هەڵوێستێكی هەبووە و نە قسەیەكی كردووە، ئەمەش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە و تووشی شۆك بوونە كە چۆن دەبێ سەرۆككۆمار پشكی كورد بێت و ئەو غەدرە لە كورد بكرێت ئەویش بێ كاردانەوە بێت.
موسا محەممەد، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسیی، بۆ زاری كرمانجی گووتی ” دوای ئەو بڕیارانەی دادگا چاوەڕێی ئەوە دەكرا، هاوشێوەی دادوەرە كوردەكەی دادگای باڵای عێراق خاوەن هەڵوێست بێت، ئەگەر دەستیش لە كار نەكێشێتەوە با كاردانەوەی هەبێت، چونكە ئەو كورسی و پۆستەی ئەو وەریگرتووە هی كورد و كوردستانیانە و ئەركە لەسەر بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی هاونیشتمانی هەرێمی كوردستان بكات، ئەگەر ئەوەی پێ ناكرێت باشتر وایە دەست لە كار بكێشێتەوە “.
ئەو مامۆستایە زیاتر روونیكردەوە ” سەرۆككۆمار یا بە تەواوەتی كەوتۆتە ژێر كاریگەریی سیاسییانەی دژە كورد و خۆی رادەست كردووە، یا زۆر بێ ئاگایە لە ئەركەكانی، دەنا پێویست بوو هەڵوێستی توندی هەبایە لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوور ئەو مافەی هەیە، بۆیە باشتر وایە مێژوویی خۆی بە جوانی تۆمار بكات و دەست لە كار بكێشێتەوە”.