” پۆپۆلیستەكانی دوێنی، یەك وشەیان لە دژی بڕیارەكانی دادگای عێراق نەگووت”
” كوا ئەو خۆشگوزەرانییەی بە قسەی ئاغاكانیان خەونیان پێوە دەبینی”
بەشێكی دیاری ئەو كەسانەی رەخنەی توندیان لە كاری حكوومەت بە تایبەتی كابینەی نۆیەم دەگرت، بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لیستیان دروستكردووە.
دوای ئەوەی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی هاتە كایەوە و گۆڕانكاری جۆری كرا لە بەڕێوەبەردن و بنیادنانی ژێرخانی ئابووری كوردستان و هەمە چەشنكردنی داهات، بە سیستم كردنی دامەزراوەكان، هەندێك كەس بە ناوی بێ لایەنی و سەربەخۆ دوای شكستەكانیان لە ناو حزبەكانیان و هەڵە لێكدانەوەكانیان لە رووداوە سیاسییەكان بۆ پەردە پۆش كردنی چەوتییەكانیان و هەڵخەڵەتاندنی شەقام، دەستیان دایە رەخنە گرتن لە كار و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بەشێك لەوانە لیستیان دروستكردووە، تا لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەشدار بن و دووبارە ببنەوە خاوەن پۆست و پارە.
مەحموود ئیبراهیم، مامۆستا و چاودێری سیاسی لەمبارەوە گووتی ” شینی و ڕۆڕۆی ئەو كەسانەی رەخنەی لە حكوومەت دەگرت و پاڵپشتی حكوومەتی ناوەندییان دەكرد، بۆ بە لارێدا بردنی شەقام بووە، زۆرینەی ئەو بابەتانەی ئەو كەسانەی بە هۆیەوە رەخنەیان لە حكوومەت دەگرت و دەیانگووت ئەگەر حكوومەت وابكات لە سوودی هاووڵاتییان بینیمان بە زیاتر خەڵك و كیانی سیاسی هەرێم شكایەوە “.
ئەو چاودێرە زیاتر گووتی ” گووتیان نەوت رادەست بكەن ژیانی هاووڵاتییان خۆشتر دەبێن، نەوت رادەست كرا و ژیانی هاووڵاتییان دەبینین چی بەسەر هات، گووتیان داهات رادەست بكەن مووچە و بودجەی هەرێم هەموو مانگ بێ كێشە دێت، ئەوەشكرا و نە ژیانی هاووڵاتییان خۆش بوو، نە بودجەش نێردرا. ئەوانە یەك وشەیان لە دژی بڕیارەكانی دادگای عێراق نەگووت، واتە لایان گرنگ نییە هەرێم و خەڵك چی لێدێت ئەوان پۆست و پارەیان دەوێت”.