” زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری لە دژی هەرێم پێشێل كراوە”
” سەرۆككۆمار یا زۆر بێ ئاگایە یا بێ ئیرادەیە”
زاری كرمانجی- سۆران :
دوای بڕیارە سیاسییەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان، چاوەڕێ دەكرا، سەرۆككۆماری عێراق كە كوردە و لە پشكی یەكێتییە، هەڵوێستی هەبێت و بە پێ ئەو دەستەڵاتەی لە دەستوور هەیەتی بڕیارەكانی دادگا رەتبكاتەوە، بەڵام بێ دەنگی هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێكی لەسەر ئەم بڕیارانەی دژە هەرێم نییە.
جەمال عەلی، چاودێری سیاسی لە شاری سلێمانی لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت ” سەرۆككۆمار دەتوانی هەڵوێستی زۆر جددی و توندی هەبێت لەسەر تەواوی ئەو بڕیارانەی لەدژی هەرێمی كوردستان دەدرێن، لەبەر ئەوەی دەستەڵاتی ئەوەی هەیە، ئەو وەك نوێنەری پێكهاتەیەكی گرنگی وەك كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە، دەبێ بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم بكات نەك لە ئاست ئەو هەموو غەدرەی لە كوردستانیان دەكرێت بێ دەنگ بێت “.
ئەو چاودێرە سیاسییە زیاتر روونیكردەوە ” حكومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەك لە دژی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەجولێتەوە، بە بەر چاوەی سەرۆككۆمار زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری لە ئاست هەرێمی كوردستان پێ شێل كراوە، ئەمە كاری ئەوە دەستوور بپارێزێت و ماددە و بڕگەكانی جێبەجێ بكات، بەڵام ئەو كەسە زۆر بێ ئاگایە و وەك بلێی هەمیشە خەوتووە”.