ئەڤین بارزانی
ئەمڕۆ یەكێك لە مەترسییە گەورەكان بۆ سەر كۆمەڵگاكەمان بەگشتی و گەنجان بەتایبەت ماددەی هۆشبەرە، كە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەندروستی بەكارهێنەران هەیە، لە ڕاستیدا وەك ئاگر وایە، بۆ هەر شوێنێك بچێت دەسووتێت و لەناوی دەبات، هەروەها كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی هەیە و ئابووری تاك و خێزانەكان لەناو دەبات، دەبێتە هۆی خەمۆكی لەبری دڵخۆشی، ماددە هۆشبەرەكان نەك هەر ئالوودەت دەكات، بەڵكو كارەساتی ماددی و مەعنەوی گەورە بەسەر دەیان مرۆڤی تردا دەهێنێت.
بەكارهێنانی وەك تاعونێك وایە كە خەڵكی پێیەوە دەناڵێنێنن و خێزانیش هەم لەڕووی ئابوورییەوە هەمیش لەڕووی تەندروستییەوە لەناو دەبات، ئەوانەی بەكاردەهێنن لەكاتی كاركردندا پێگەی پێشوویان لە كۆمەڵگادا لەدەست دەدەن هیچ سوودێكی نییە جگە لە زیانگەیاندن بە خۆیان و خێزانەكەیان، بە واتایەكی تر دەتوانرێت بگوترێت بەكارهێنەرێكی ماددە هۆشبەرەكان خێزانێك، گەڕەكێك، شارێك لەناو دەبات و دواجار كۆمەڵگا تووشی كارەساتی گەورە دەبێت، گەنجان لە هەر كۆمەڵگایەكدا هێزی كار و گۆڕانكاری و گەشەسەندنی كۆمەڵایەتین، بۆیە گرنگە هەوڵبدەین هۆشیاری لە كۆمەڵگاكەماندا دروست بكەین، بەتایبەتی خێزانەكان پێویستە زۆر وریا بن بۆ ئەوەی منداڵ و گەنجەكانیان لەم كارەساتە دوور بخەنەوە.
بێگومان كابینەی نۆی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا كاری زۆری كردووە، چەندین بەرنامە لە تیڤی بەرهەم هێنراون، نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ئەركێكی گەورەیە و پێویستە بەرز بنرخێنرێت، گرنگە ئێمە وەك نووسەران و ڕۆشنبیران و چالاكوانانی كۆمەڵایەتی و سۆشیاڵ میدیا ڕۆژانە باسی مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان بۆ سەر گەلەكەمان و بەتایبەت گەنجان بكەین، پێویستە هاوكاری گەنجەكانمان بین بۆ ئەوەی لەم كارەساتە دووربكەونەوە.
پێویستە ئەوە بزانین هەر گەنجێكی كوردستان كە تووشی ئەم ماددانە دەبن هێزی پێشكەوتن لە كۆمەڵگاكەماندا لەدەست دەدات، بۆیە با دەست لەیەكتر ببەستین و كۆمەڵگەی پاكی خۆمان لە هەر خراپەیەك بپارێزین، بەتایبەتی خراپی ماددە هۆشبەرەكان.