شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، باس لەو كاتانە دەكات كە لە مانگی رەمەزاندا بۆ وەرزشكردن گونجاون،
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بە چەند رێنماییەكی پزیشكی گرنگ دەدەین بۆ وەرزشكردن لەم مانگەدا و پسپۆڕەكان كۆكن لەسەر ئەوەی باشترین كات بۆ وەرزش لە مانگی رەمەزان بریتین لەمانە:
-یەك كاتژمێر بۆ كاتژمێرونیوێك پێش بەربانگ، باشترین كاتە بۆ دابەزینی كێش، چونكە رێژەی شەكرەی خوێن لە كەمترین ئاستدایە و ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ قەربووكردنەوەی جەستە.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، دەشڵێت” بەڵام لەكاتی وەرزشكردن پێش بەربانگ پێویستە ئەم خاڵانەش بەرچاو بگیرێن :
-ماوەی وەرزش لە یەك كاژێر زیاتر نەبێت.
-ناگونجێت بۆ كەسانی بە ساڵاچوو، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەك شەكرە، بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییەكانی دڵیان هەیە .
-شوێنی وەرزشەكە دەبێ گونجاو بێت لەڕووی پلەی گەرمی و شێوە، چونكە نابێ پلەی گەرما بەرز بێت بۆ ئەوەی لەش تووشی وشكبوونەوە نەبێت.
-وەرزشی سووك یا مامناوەند هەڵبژێرە، وەك روویشتن بە پێ، راهێنانی سویدی، پاسكیل سواری، بە كارهێنانی ئامێری وەرزشی كە خێرایی و قورسییەكەی سادە یا مامناوەندە.
-باشترە هەر ئەو وەرزشانە بكەیت كە پێشتر كردووتە و وەرزشی تازە تاقی نەكەیتەوە لە مانگی رەمەزاندا.
ئەم پزیشكە ئاماژەی بەوەشدا و گووتی” كە وەرزشكردن پێش بەربانگ چەند سوودێكی گرنگی هەیە لەوانەش:
-پاككردنەوەی جەستە لە ماددە ژەهراوییەكان.
-كاتێكی نموونەییە بۆ دابەزاندنی كێش.
-یارمەتی هێور بوونەوە و كەمكردنەوەی تووڕەیی دەدات.
د. كامەران رەسوڵ، ئاشكراشی كرد”ناكرێت راستەوخۆ دوای رۆژوو شكاندن وەرزش ئەنجام بدرێت لەبەر دڵەكزی و زوو هیلاكبوون و شەكەتی، بۆیە باشترین كات بۆ وەرزشكردن دوای بەربانگ دوو كاتژمێرونیو بۆ چوار كاتژمێرە و گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی پێش بەربانگ ناتوانن وەرزش بكەن بەهۆی نەبوونی كات یا كێشەی تەندروستی یاخود بەساڵاچووان، هەروەها ئەوانەی دەیانەوێت ماسوولكە دروست بكەن دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بۆ چەند كاتژمێرێك ئەنجامی بدەن، هەروەها دوای بەربانگیش چەند سوودێكی هەیە لەوانە:
-سووتاندنی وزەی زیاتر لە پێویستی جەستە دوای خواردن.
-بەرزكردنەوی رێژەی سووتاندنی چەوری و بنیاتنانی ماسوولكەكان .