شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی دەم و ددان، باس لە تەندروستی دەم و ددان دەكات لە مانگی رەمەزاندا و دەشڵێت”لەم مانگەدا دەم و ددان و لەشمان پێویستی بە خۆ گونجاندن هەیە، هەروەها بۆ وەرگرتن و راگرتنی وزەی لەش و بە جێهێنانی زیندە كردارەكان لە رۆژانی رەمەزاندا.
د. محەمەد ئارام، پزیشكی دەم و ددان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” بێگومان هەندێك كەس بەهۆی ناخۆشی بۆنی دەمیانەوە دەناڵێنن تایبەت لە مانگی رەمەزاندا كە دەكرێت بەهۆی هەندێك خواردن و خواردنەوە بێت لەكاتی پارشێودا، هەر بۆیەش دەكرێت ئەو خواردن و خواردنەوانەی كە بۆنی دەم و هەناسە ناخۆش دەكەن باشترە لە پارشێودا نەخورێن، كە بریتین لەمانە:
-قاوە، بەهۆی ئەوەی بڕێكی زۆر كافاینی تێدایە دەبیتە هۆی وشكبوونەوەی دەم و دروستبوونی بۆنی دەم.
-شیر، سەرەڕای ئەوەی بەهای خۆراكیی بەرزە، بەڵام پێكهاتەكەی لەگەڵ گازی ناو دەمدا كارلێك دەكات و دەبێتە هۆی ناخۆشبوونی بۆنی دەم.
-پرتەقاڵ، هەرچەندە میوەیەكی پڕ سوودە بەڵام بڕێكی زۆر ترشی تێدایە.
-پەنیر، ئەمەش ترشی ئەمینی تێدایە كە كارلێك لەگەڵ بەكتریای ناو دەم دەكات.
-گۆشت، بۆنی هەناسە و دەم ناخۆش دەكات.
ئەم پزیشكە، سەبارەت بە شووشتنی ددانەكان لە مانگی رەمەزاندا.
گووتیشی” لەم مانگەدا پێویستە بەلایەنی كەم دووجار ددانەكانمان بەشێوازیكی زانستی بشۆین، جارێكیان دوای بەربانگ و جارێكیشیان دوای پارشێو، بەڵام لە هەردووكیاندا وا باشترە داوی ددان بەكاربهێنین بۆ ئەوەی خواردن لەنێو ددانەكانمان نەمێنێتەوە چونكە دەبێتە هۆی تێكچوونی ددانەكان.