زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵ رێژەی زەكات و سەرفیترە و فیدیەیی دیاری كرد .
بەپێی راگەێندراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، ڕێژەی سەرفیترە بۆهەر كەسێك لە ئەمساڵدا بەلایەنی كەم (2500) دوو هەزارو پێنج سەد دینار دەبێت.
لە فەتوایەكەدا هاتووە، ئەندازەی فیدیەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ هەر ڕۆژێك (2500 ) دوو هەزار و پێنج سەد دینار دەبێت.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، دووپاتی لەوە كردۆتەوە، ئەندازەی ئەو پارەیەی زەكات تیایدا واجب دەبێت (نیصابی زەكات) بریتییە لە (2,100,000) دوو ملیۆن و سەد هەزار دیناری عیراقی، واتە: هەر كەسێك (2,100,000 دوو ملیۆن و سەد هەزار دیناری عیراقی)هەبێت و، ساڵی بەسەردا سوڕابێتەوە، واجبە بە ڕێژەی (%2.5) سەدا دوو و نیو واتە بۆ هەر ملیۆنێك بیست و پێنج هەزار دیناری عێڕاقی بەزەكات بدات بە هەژارو كەم دەرامەتان.