ئامادەكردنی قوتابی دەرمانسازی:-
مریەم صابر خضر
لە ماوەی كاتەكانی رۆژووگرتن دا كاتێك هیچ خواردن و خواردنەوەیەك بەكارناهێنرێت، جەستە ئەو كاربۆهیدراتەی لە جگەر و ماسوولكەكاندا هەڵگیراوە بەكاردەهێنێت بۆ دابینكردنی وزە بۆ لەش، بە پشت بەستن بە كەش و هەوا و درێژی رۆژ، زۆربەی ئەو كەسانەی لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن، وشكبوونەوەیەكی سووكیان هەیە، كە لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشە و ماندووبوون و بێتاقەتی، لەگەڵ ئەوەشدا لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن” كە ئەمە زیان بە تەندروستی ناگەیێنێت، بە مەرجێك شلەی پێویست بەكاربهێنرێت دوای شكاندنی رۆژوو بۆ ئەوەی جێگرەوە بن لە رۆژدا، بۆ ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی ئاسایی خواردنەوەی كافاین بەكاردەهێنن وەك چا و قاوە لە ماوەی رۆژدا، كەمی كافاین لە كاتی رۆژوودا لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشە و ماندووبوون.
بۆیە ئەمەش ئاساییە و دوای چەند رۆژێك جەستە خۆی دەگونجێنێت لەگەڵیدا، رۆژووگرتن بۆ كەسانێك كە بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن سوودی دەبێت، ئەوانەی كێشیان زیادە یان قەڵەون لە مانگی رەمەزان دا كێش و چەوری جەستەیان دادەبەزێنن، بەڵام ئەگەر هۆشیار نەبن دوای رەمەزان كێشییان زیاد دەبێتەوە، هەروەها رۆژووگرتن كاریگەری باشی هەیە لەسەر كەمكردنەوەی كۆلیستڕۆڵی خوێن و ترایگلیسیراید، هەروەها شیبوونەوەی خانە تێكچووەكان و گۆڕینیان بەخانەی نوێ و چالاك دەبێتە هۆكاری زیادبوونی كار و هێزی ئەركەكانی جەستە، پاش كۆتایی مانگی رەمەزان مرۆڤ هەست دەكات جەستەی خاوێن بۆتەوە و وزەی زیادی كردووە و دەروونی رۆشن بۆتەوە.
رۆژووگرتن نیشانەكانی نەخۆشی و راوەستانی دڵ كەم دەكاتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە رۆژووگرتندا خواردنەوە لەگەڵ خۆراك كەم دەكرێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆكاری توانەوەی ئەو چەورییەی كە لە دەمارە خوێنبەرەكاندا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی باش كاركردنی دڵ و كەمكردنەوەی نیشانەكانی نەخۆشی دڵ لەنێو كەسە تووشبووەكاندا، رۆژووگرتن چارەسەری زۆر لەكێشەكانی ئەندامی هەرسكردن دەكات، وەكو زیادبوونی ترشەڵۆكی گەدە، نەخۆشی ریخۆڵە و هەرس نەكردن و باكردنی سك، ئەمەش لەبەر ئەوەی كەسەكە ناتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ بەهۆی رۆژووەكەوە بخوات و بخواتەوە، دەرفەتێكیشە بوو ماسوولكە و پەردەكانی ئەندامی هەرس كردن بۆ چالاكبوونەوە و زیادكردنی كردارەكان.