شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی ئافرەتان، باسی خەمۆكی دوای منداڵبوون دەكات و دەڵێت” زۆربەی زۆری دایكەكان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.
د. بنار ئەحمەد، پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایكبوون، دەڵێت” زۆربەی جار دایكان دوای منداڵبوون تووشی حاڵەتی خەمۆكی دەبن، ئەمەش بەشێوەیەكی گشتی بریتییە لە گۆڕانی باری دەروونی، گریان، قەلەقی، كێشەی خواردن و خەوتن، حاڵەتی خەمۆكی دوو یان سێ رۆژ دوای دوای دوای منداڵبوون دەست پێدەكات و لەوانەیە بۆ ماوەی یەك هەفتە زیاتریش بەردەوام بێت.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، ئاشكراشی كرد” چەند نیشانەكانی خەمۆكی دوای منداڵبوون هەن كە بریتین لەمانە:
-هەستكردن بە خەمۆكی یان گۆڕانی توندی باری دەروونی.
-دووركەوتنەوە لە خێزان و هاوڕێیان و تەنانەت كۆرپە تازە لە دایكبووەكە.
-نەمانی ئارەزووی خواردن یاخود خواردنی زیاتر لە ئاسایی.
-نەتوانینی خەوتن یان كەم خەوی، یاخود نووستن بۆ ماوەیەكی زۆر.
-هەستكردن بە ماندوێتی و لەدەستدانی وزە.
-نەبوونی حەز و چێژ وەرگرتن لەو چالاكییانەی كە پێشتر چێژبەخش بوون.
-توڕەیی ئێجگار زۆر.
د. بنار ئەحمەد، دەشڵێت” چەندین رێگە هەن كە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی دایكان دوای منداڵبوون زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و بەخێرایی چاك ببنەوە، لێرەدا هەندێكیان دەخەینەڕوو:
- باسی ئەو دۆخە بكە كە پێیدا تێدەپەڕیت بۆ كەسێكی نزیك لە خۆت.
– رجیمێكی هاوسەنگ پەیڕەو بكە كە پڕۆتین و ڤیتامینە پێویستەكانت بۆ دابین دەكات.
- دڵنیابە لە پشوودان و خەوتنی پێویست هەموو رۆژێك.
-راهێنانی سووك ئەنجام بدە كە دەبێتە هۆی هاندانی لەش بۆ دەردانی هەندێ هۆڕمۆن كە بەرپرسە لە هەستكردن بە خۆشی و ئاسوودەیی دەروونی.
-بڕێك كات بدە بە خۆت بۆ چاكبوونەوە و گونجاندن لەگەڵ ئەركە نوێیەكان و رێكخستنی كاتەكانی خەوتن و خۆراكدانی منداڵەكەت.