شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشیی سییەكان، ئاماژە بە چەند زانیارییەكی گرنگ دەدات دەربارەی شێرپەنجەی سییەكان.
د. زانا دزەیی، دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی هەناو، پسپۆڕی نەخۆشی سییەكان و رێڕەوی هەناسە، دەڵێت” هۆكاری سەرەكیترین مردن بەهۆی شێرپەنجە لەنێو هەموو جۆرەكانیدا شێرپەنجەی سییەكانە كە كوشندەترینیانە لە هەموو جیهان، زۆربەی هەرەزۆری شێرپەنجەی سییەكان كاتێك دەستنیشان دەكرێن كە كەسی تووشبوو لە قۆناغی كۆتایی نەخۆشییەكەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە نەخۆش لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا هیچ نیشانەیەكی نییە یانیش نیشانەكانی تایبەت نین بە شێرپەنجەكە.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” كێشانی تووتن و جگەرە، سەرەكیترینن هەروەها پیسبوونی ژینگە بەتایبەت دووكەڵی سووتەمەنییەكان هۆكارێكی دیكەی تووشبوونن، بەڵام رێژەیەكی بەرچاوی ئەم نەخۆشییە دەكرێ لەو كەسانە بن كە جگەرە كێش نین بەتایبەت لە نێو خانمان، بۆ رێگریكردن لەم نەخۆشییە دوو رێكاری سەرەكی هەن لەوانەدوور كەوتنەوە لە كێشانی تووتن و جگەرە و ژینگەپارێزیی، سیستەمی سكرینینگ یان دەستنیشانكردنی پێشینە، بۆ ئەم مەبەستەش كۆمەڵە پزیشكیێكی سنگ و سییەكان لە ئەمریكا و ئەوروپا، دوای چەند توێژینەوەیەكی تۆكمە لەسەر بابەتی دەستنیشانكردنی پێشینە یان پێشوەختی شێرپەنجەی سییەكان، ئاماژەییان بە چەند رێكارێكی نوێدا و دواتر بوون بە رێكاری كلینیكیی پزیشكیی بۆ دەستنیشانكردنی پێشینەی شێرپەنجەی سییەكان.
دەستنیشانكردنی بریتین لەمانە:
-لە رێگەی تیشكی CT scn ەوە دەبێت، بە جۆرێك كە رێژەیەكی كەم لە تیشكەكە بەكاردێت بۆ كەمكردنەوەی ماك و لێكەوتەكانی تیشكەكە لە داهاتوودا، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەموو جگەرە كێشێك ناشێت بیكات تەنها ئەمانەی خوارەوە دەتوانن بیكەن، لەوانەش:
-دەبێ تەمەنی كەسەكە لە نێوان 50 بۆ 80 ساڵ بێت، بەڵام لەو تەمەنەی كە ئاماژەمان پێكرد بچووكر و گەورەتر نابێ بیكەن.
-بەلایەنی كەم رۆژانە 20 جگەرەی كێشابێت بۆ ماوەی بیست ساڵ یان زیاتر، یاخود رۆژانە چل جگەرەی كێشابێت بۆ ماوەی 10 ساڵ یان زیاتر، هەروەها ئەوانەی كە ئاماژەمان پێكردن ئێستا وازیان لە جگەرە كێشان هێنا بێت و ماوەی وازهێنانەكە لە 15 ساڵ كەمتر بێ ئەوا دەیانگرێتەوە، زیاتریش بێ ئەوا ناگرێتەوە.
- كەسەكە نابێت هیچ نیشانەیەكی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكانی هەبێت.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە ئاشكراشی دەكات” ئەم دەستنیشانكردنەی پێشینە بۆ شێرپەنجەی سییەكان بەسوودە و دەتوانین بەم رێگەیە بەشێكی بەرچاوی نەخۆشییەكە لە قۆناغەكانی سەرەتایی دەستنیشان بكەین، ئەو كاتە چارەسەر ئاسان و گونجاوتر دەبێت و دەشێ ژیانی كەسی تووشبوو بۆ ماوەیەكی بەرچاو درێژ بكرێتەوە.
Shahla
Shahla Jam