شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ، ئاماژە بە چەند رێنماییەك دەكات بۆ خانمانی دووگیان، دەڵێت” ئەنجامدانی چالاكییە وەرزشییەكانیش بۆیان بەسوودە و دەتوانن دوو كاتژمێر دوای بەربانگ دەستپێ بكەن.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئافرەتی دووگیان بەر لەوەی بڕیاری بەڕۆژووبوون بدات پێویستە راوێژ بە پزیشكەكەی بكات، دوای ئەوەی كە ویستی رۆژوو بگرێت دەبێ زۆر ئاگادار بێت و لەڕووی تەندروستییەوە كێشەی نەبێت، وەك نەخۆشی شەكرە و پەستای خوێن یان هەر نەخۆشییەكی دیكە، یاخود جاری وا هەیە خودی كۆرپەكەی ناو سكی دایك گرفتی تەندروستی هەیە، بۆ نموونە كێشی كەمە و نەخۆشی دڵ یاخود هەر نەخۆشییەكی دیكەی زكماكی، ئەوا لەم حاڵەتانەدا نابێ بەڕۆژوو بێت.
گووتیشی” ئەنجامدانی چالاكییە وەرزشییەكان بەگشتی زۆر پێویستە تایبەت بۆ ئافرەتانی دووگیان، چونكە دەبێتە هۆی پتەوكردن و بەهێزكردنی جەستە، هەروەها لەناوبردنی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی، هەربۆیەش خانمانی دووگیان لە مانگی رەمەزانیش بەلایەنی كەم دوو كاتژمێر دوای بەربانگ دەتوانن وەرزش بكەن، هەم بۆ خۆیان هەمیش بۆ كۆرپەكە بەسوودە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا پێویستە زۆر وریا بن و راهێنانی قورس ئەنجام نەدەن و تەنها ئەوانە بكەن كە لەگەڵ جەستەیان دەگونجێ.
د. محەمەد حەسەن، ئاماژەی بەوەشكرد” یەكێك لە هەڵە گەورەكان لە وڵاتی ئێمە ئەوەیە كە زۆربەی خەڵك تا پارشێو ناخەون، ئەمەش یەكێكە لەو هەڵانەی كە كاریگەری دەكاتە سەر كاتژمێری بایۆلۆجی مرۆڤ و مەترسی تووشبوونی كۆمەڵێك نەخۆشی جیاجیای هەیە، هەر بۆیەش ئافرەتی دووگیان پێویستە خەوێكی باش بكات و هەر نەبێت 7 كاتژمێر بخەوێت، ئەوانەی كە دەیانەوێت وەرزش بكەن ئەوا دوای چالاكییەكان دەبێ هەوڵبدەن بخەون، ئەوانەی كە ئەنجامیش نادەن پێویستە زوو بخەون، بۆ ئەوەی هەم خۆیان هەمیش منداڵەكەیان دوور بن لە كێشە تەندروستییەكان، چونكە زۆر گرنگە خانمی دووگیان خشتەی نووستنی رێكبخات.