زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆكی لیژنەی ئابووری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەمەبەستی رێگری كردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و كۆنتڕۆڵ كردنی بازاڕ، لە دەستپێكی مانگی رەمەزان لیژنەكەمان چاودێری چڕی بازاڕی و شوێنەكانی دەست پێكردووە و لە هیچ كەسێك قبووڵ ناكەین قۆرخكاری و گران فرۆشی بكات .
رائید بارزان كەریم سەرۆكی لیژنەی ئابووری سۆران، دووپاتی كردەوە، لەگەڵ قائیمقامی ناوەندی سۆران هەماهەنگی تەواومان هەیە و پلانماندانەوە بۆ رێگری كردن لە بەرز بوونەوەی نرخ، چەند كەسێكمان بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنمایەكان سزاداوە و دەستمان بەسەر بڕێكی زۆری شیرینەمەنی و خواردەمەنی نەشیاو داگرتووە.
ئەو بەرپرسەی سۆران، نایشارێتەوە، ئەوەی ئێستا نرخی جیاوازە بە بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان، تەنها تەماتەیە ئەویش بەهۆی خواستی زۆر و هاوردە نەكردنییەتی، بڕیارە ئەمڕۆ چەند بارهەڵگرێكی تەماتە لە وڵاتی ئێران بگەنە ئیدارەی سۆران و بەسەر بازاڕ و شوێنەكان دابەش بكرێت .
رائید بارزان كەریم سەرۆكی لیژنەی ئابووری سۆران، هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە كەوا بەهیچ شێوەیەك ناهێڵن بەبێ هۆكار نرخی شتومەك لە سۆران بەرز ببێتەوە، دەشڵێت:” لیژنەكانمان لە نێو بازاڕ، شوێنی گۆشتفرۆشان، ماركێت و دوكانەكان، شیرینەمەنی و تەواوی شوێنەكانی كاری فرۆشتنی خۆراك و خواردەمەنی دەكەن بەردەوام دەبن لە چاودێری كردن، هەر شتێكی نایاسایی ببینین، بەدڵناییەوە سەرپێچی كاران رووبەڕووی سزای قورس دەكەینەوە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین هاوكارمان بن، هەر كەسێك خۆراك و پێداویستی بەرز كردۆتەوە یا پابەند نییە بە رێنماییەكان لە رووی پاكوخاوێنی ئاگادارمان بكەنەوە تا لە ماوەیەكی زوودا لیژنەی ئابووری رەوانە بكەین بۆ وەرگرتنی سزای پێویست”.