زارى کرمانجى-سۆران:
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی كۆدەبێتەوە.
بەپێی خشتەی كاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكەمین تەوەری كۆبوونەوەكە، تایبەت دەبێت بە سەردانی شاندەكەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، لەم تەوەرەدا گفتوگۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی حكومەتەكەی دەكرێت.
هەر بەپێی كارنامەكە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی راپۆرتێكی تایبەت بە جێبەجێكردنی (ستراتیژی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) كە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنەكەوە پەسند كرابوو، دەخرێتەڕوو.
بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت دەبێت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن وەزیری داراییەوە هەنگاو و رێكارەكانی ئەمدواییانەی وەزارەتەكە و لایەنە پێوەندیدارەكان دەخرێنەڕوو، تایبەت بە مووچەی موووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ژێر رۆشنایی دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەخرێتەڕوو.