مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسانی ئەمەریكا فشاری زۆریان لە سەر سوودانی دروست كردووە كە بەر لە سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا كێشەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.
پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكی دا لە ژێر ناونیشانی “سوودانی ڕووبەڕووی فشاری ئەمریكا بووەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ كورد، بەر لەوەی سەردانی ئەمریكا بكات” بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس و لە میانی كۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سولیڤان بە سوودانی ڕاگەیاندووە “دەبێ سەردانەكەت بۆ ئەمەریكا لە چوارچێوەیەكی باشدا بێت، كە تێیدا پێشكەوتن لە پەیوەندی لەگەڵ هەولێردا بەدی بكرێت.”
وا بڕیارە محەممەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مانگی نیساندا یەكەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ كۆشكی سپی ئەنجام بدات لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیران لە ئۆكتۆبەری 2022.
ئەلمۆنیتۆر باسی لەوەش كردووە “بەغدا بەردەوامە لە ڕاگرتنی پشكی هەولێر لە بودجەی نیشتمانی و ڕەتی دەكاتەوە ڕێگە بدات بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە بۆرییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە بەرەو بەندەری جەیهانی دەریای ناوەڕاستی توركیا دەڕوات.” هاوكات “دادگای فیدراڵی عێراق كە پێش ڕاگەیاندنی دەستووری عێراق دامەزراوە، بەردەوامە لە دەركردنی بڕیارەكان بە ئامانجی كەمكردنەوەی ئۆتۆنۆمی چەسپێنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم دوایانەشدا فەرمانی دەركرد كە هەموو داهاتە نەوتییەكان و نا نەوتییەكان بخرێنە ژێر كۆنترۆڵی بەغداوە.”