شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێك، باسی سەرئێشە دەكات لەكاتی بەڕۆژووبوون و گرنگترین هۆكارەكان و چۆنیەتی چارەسەرییەكانیش دەخاتەڕوو.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” زۆر كەس هەن لەكاتی رۆژووگرتن تووشی سەرئێشە دەبن، تایبەت لە سەرەتاكاندا، لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بە هۆكار و چارەسەرییەكان دەكەین.
گرنگترین هۆكارەكانی :
-دابەزینی ئاستی شەكر لە خوێن بەتایبەت دوای بانگی عەسر.
- نەمانی ماددەی كافایین، بەتایبەت لەو كەسانەی پێش رەمەزان بڕێكی زۆر چا، قاوە، نەستەلە و خواردنەوە گازییەكان دەخۆنەوە.
- نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو، دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی لەش و دابەزینی پەستانی خوێن و ئاستی ئوكسجین لە خوێن دا.
-تێكچوونی سیستمی خۆراكی رۆژانە، بەهۆی گۆڕینی كاتی خواردن و جۆری خۆراك لە مانگی رەمەزان. - هیلاكبوون لە ماوەی رۆژدا كاتی بەڕۆژووبوون.
-تێكچوون و شەونخوونی و كەم خەوی.
-بەرزی پلەی گەرما.
-نیشانەی دابەزینی نیكۆتین لەو كەسانەی جگەرە و نێرگەلە دەكێشن.
-كۆنیشانەی پڕبوونی گەددە دوای نان خواردن.
چارەسەرییەكان: - پێویستە ژەمی پارشێو بخورێت و چەند بتوانرێت دوا بخرێت، خواردنی زەڵاتە و میوەیەك لە كاتی پارشێو زۆر بە سوودە.
- هەموو نیو كاتژمێر جارێك پەرداخێك ئاو بخۆرەوە كە بگاتە 8 پەرداخ یان زیاتر لەنێوان بەربانگ و پارشێو بەڵام زۆر سارد نەبێت.
- خواردنی بڕێكی پێویست لە ڤیتامین B12 وەك هێلكە، شیر و بەهەرمەكانی، ماسی، گۆشتی سووری بێ چەوری و مریشك.
- دانەوێڵە تەواوەكان وەك ئاری بۆر بەشێوەی نانی تیری یان هەورامی و پاقلەمەنییەكان.
- سەوزە و میوە زۆر گرنگە بەتایبەت ئەو جۆرانەی بڕێكی زۆر ئاویان تێدایە وەك ترۆزی، خەیار، شووتی و قەیسی، هەوڵبدە سێ بۆ چوار جار لە نێوان بەربانگ و پارشێو بیان خۆیت.
- ریكخستنی كاتەكانی نووستن و دووركەوتنەوە لە شەونخوونی.
- زیاتر لە یەك كاتژمێر مەچۆ بەر تیشكی خۆر.
- دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و ژاوەژاو.
- كەمكردنەوەی سترێس و دڵەڕاوكێ بەپێی توانا.
- بەكارهێنانی دەرمان بە راوێژكردن لەگەڵ پزیشك.