مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دژایەتی خۆی بۆ فەیسبووك ڕاگەیاند و پشتگیری لە تیكتۆك دەكات.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن بی سی ئەمریكی، كە دوێنێ دووشەممە بڵاو كرایەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ڕاگەیاند كە ناكرێت بۆ پاراستن و گەورەكردنی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، تیكتۆك قەدەخە بكرێت، ئەو دەڵێت “فەیسبووك لە بڕیاری قەدەخەكردنی تیكتۆك، سوودمەندی یەكەمە و گەورەتر دەبێت.”
ماوەیەكە لە ئیدارەی بایدن، هەوڵ بۆ قەدەخەكردنی بەكارهێنانی تیكتۆك دەدرێت، ترەمپیش سەرەڕای ئەوەی كە لە سەردەمی حوكمڕانی خۆیدا ڕاگەیاندبوو كە تیكتۆك هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا، بەڵام لە ئێستادا دژ بە فەیسبووك پشتگیری لە تیكتۆك دەكات و دەڵێ “تیكتۆك لایەنی زۆر باش و خراپیشی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە فەیسبووك دوژمنی خەڵكە و ناكرێت تیكتۆك بكرێتە قوربانی بۆ ئەو.”