شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، باس لە پچڕانی بەستەری پێشەوەی ئەژنۆ دەكات و هەروەها نیشانە و چۆنیەتی چارەسەریشی دەخاتەڕوو.
د. بڕوا دلشاد، پزیشكی پسپۆڕی ئێسك و شكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” پێكانی وەرزشی ئەژنۆ، پچڕانی ئەم بەستەرە لە ئەنجامی سووڕانی ئەژنۆ لە كاتی یارییە وەرزشییەكان روودەدات، هەروەها فەرمان و ئیشی ئەم بەستەرە بریتییە لە جێگیركردنی ئەژنۆ و نەهێشتنی خزانی ئیسكی لاق بۆ پێشەوە و نەهێشتنی سووڕانی ئەژنۆ لەكاتی ئیشی رۆژانە و یارییە وەرزشییەكان.
نیشانەكانی پچڕانی ئەم بەستەرە بریتین لەمانە:
- لەكاتی سووڕانی ئەژنۆ، نەخۆش هەست بە پۆپ و قڕتەك لە ئەژنۆ دەكات، تووشی ئازارێكی زۆر دەبێت و راستەوخۆ جومگەی ئەژنۆی ئەستوور دەبێت.
- دوای نەمانی ئازار و ئەستووربوونەكە، نەخۆش هەست بە ناجێگیری جومگەی دەكات یاخود جومگەی فەل دەكات لەكاتی ئیشی رۆژانە و یارییە وەرزشییەكان.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” بۆ دەستنیشانكردنیشی پێویستی بە تیشكی ئێكس و
وێنەی لەرەلەری موگناتیسی (MRI) هەیە.
چارەسەركردنیشی بێ نەشتەرگەری بەم رێگانەی خوارەوە دەكرێن:
-لە كاتی پێكان لە یاریدا، نەخۆش دەبێ پشوو وەربگرێت و سەهۆڵ دابنرێت لەسەر جومگە و دەرمانی ئازارشكێن بەكاربهێنێت بۆ دوو تا شەش هەفتە. - ئەنجامدانی راهێنان و چارەسەری وەرزشی بۆ گەڕانەوەی جولەی جومگەی ئەژنۆ و بەهێز كردنی ماسوولكەكانی چوار دەوری ئەژنۆ.
- گۆڕینی هەڵسوكەوتی رۆژانە.
بۆ ئەو كەسانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەكەین چارەسەرییەكان بە نەشتەرگەری بۆیان دەكرێت، لەوانە: - ئەوانەی بە بەردەوامی ئەژنۆیان لە جێ دەچی یان فەل دەكات ( ناجێگیری ئەژنۆ)، یاخود هەستكردن بە لە دەستدانی هاوسەنگی (بەڵانسی ئەژنۆ) لەكاتی كار و ئیشی رۆژانە و یارییە وەرزشییەكان.
- ئەگەر پچڕانی بەستەرەكانی تری چواردەوری ئەژنۆی لەگەڵ بێت.
- تەمەنی منداڵ و هەرزەكار كە پچرانی هەیە.
د، بڕوا دلشاد، ئاشكراشی كرد” چارەسەری سروشتی دوای نەشتەرگەری، راستەوخۆ لە رۆژی دوای نەشتەرگەرییەكە دەستپێدەكات، هەروەها وەرگرتنی ئەنجامی باش دەكەوێتە سەر رێك و پێك ئەنجامدانی رێنماییەكان و چارەسەری سروشتی دوای نەشتەرگەرییەكە، سێ هەفتەی سەرەتا پێویستە نەخۆش پشوو وەربگرێت تاوەكو ئەستوور بوون برینەكەی چاك دەبێتەوە، لە سێ مانگی یەكەمی دوای نەشتەرگەرییەكە، پێویستە بە ئاگاداری و وریایی رێنماییە وەرزشییەكان ئەنجام بدات، چونكە لاوازترین كاتی چاندنەكەیە، بۆیە پێویستە دووربكەوێتەوە لە راكردن و چەمانەوەی تەواوی ئەژنۆ، گەڕانەوەش بۆ قۆناغی ئاسایی دوای نەشتەرگەری پێویستی بە 6-12 مانگ هەیە.