” بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق ناڕەوا بوو كە هەنگاوێك بوو بۆ لێدان لە پێكەوە ژیان و سەرپێچیكردنی دەستور و یاسا”.
بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی كە لەسەر سكاڵایەكی یەكێتی كورسی كۆتاكانی هەڵوەشاندەوە، بەشێك لە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند بایكۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 11ی ئازاری 2024 هەریەك لە پارتەكانی سریان، ئاشوور، كلدان و ئەرمەنییەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند” دژی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و سكاڵاكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەین”.
ئەو لایەنانە ڕاشیانگەیاند” بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق ناڕەوا بوو كە هەنگاوێك بوو بۆ لێدان لە پێكەوە ژیان و سەرپێچیكردنی دەستور و یاسا”.
زیاتر روونیانكردەوە” دادگای فیدراڵی كۆتای پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام بەلایەوە ئاساییە كە كۆتا لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق هەبێت”.
دادگای باڵای عێراق لەسەر سكاڵایەكی یەكێتی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكانیدا لە پەرلەمانی كوردستان، لە كاتێكدا لە پەرلەمانی عێراق كورسی كۆتا هەیە.