زاری کرمانجی – سیدەکان:
بەرپرسی بنکەی کۆمیسۆنی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنوورەکەمان 2723 کەس ناویان گەڕاوەتەوە و گرفتیان هەیە لە پەنجەمۆر لەو ڕێژەیە تەنها بەشێکیان گرفتەکەیان چارەسەر کراوە و کۆتایی بەو وادەیەش هاتووە کە بۆ دووبارەکردنەوەی پەنجەمۆر و کارەکانی دیکەی پەیوەست بە دەرهێنانی کارتی نوێی دەنگدان دیاری کرابوو .
خالیس ستار بەرپرسی بنکەی کۆمیسۆنی سیدەکان، دەڵێت:” لە سنووری قەزای سیدەکان 13 هەزار و 596 کەس مافی دەنگدانییان هەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، لەو ڕێژەیەدا 2723 کەس ناویان گەڕابووەوە بەهۆی کێشە و گرفت لە پەنجەمۆریان و داوایی دووبارەکردنەوەی پەنجەمۆر کرابوو، لەو ماوەیەی کە دیاریی کرابوو دووبارە پەنجەمۆر بۆ 904 کەس لە مەدەنی و تایبەت کرایەوە، لەو ڕێژەیە توانرا 623 کەس پەنجەمۆرەکەیان بەسەرکەوتووی بۆ ڕاست بکرێتەوە و ئەوانی دیکە پەنجەمۆریان نەخوێندرایەوە.
خالیس ستار، دەشڵێت:”بەداخەوە بەگشتی 2100 کەس گرفتی پەنجەمۆرییان هەیە لە سنووری بنکەی ئێمە لە سیدەکان، بەڵام ئەوانەی گرفتیان لە پەنجەمۆریان هەیە بەمانایی ئەوە نییە کە نەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام بەڕێژەیە بەشێوەیەک لە هەر وێستگەیەکدا 5%ی ئەو کەسانە کە گرفتی پەنجەمۆریان هەیە دەتوانن دەنگ بدەن، بەجۆرێک ئەگەر وێستگەیەکی دەنگدان بۆ نمونە 400 دەنگەدری هەبێت ئەوا تەنها 20 کەس کە گرفتی پەنجەمۆری هەیە دەتوانرێ ڕایی بکرێ و دەنگبدات، ئەگەر ڕێژەی ئەوانەی گرفتیان هەیە چەند زیاتر بێ دەنگیان دەفەوتێ و ناتوانن لە 5% زیاتر دەنگ بدەن.
لە سنووری قەزای سیدەکان، 13596 کەس مافی دەنگدانی هەیە و بەسەر هەشت مەرکەزی دەنگدان و 29 وێستگە دابەش بوونە، بڕیارە 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.

































































