شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ، هەرچەندە رۆژووگرتن سوودی تەندروستی زۆرە، بەڵام هەندێك نەخۆش نابێ بەڕۆژوو بن.
د. داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و شەكرە، دەڵێت” لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بە هەندێك نەخۆشی دەكەین كە تووشبووانی نابێ بەڕۆژووبن، لەوانەش:
-ئەو كەسانەی بەرزەفشاری خوێنیان هەیە و هەمیشە پەستانیان بەرزە.
- ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و حاڵەتەكەیان ناجێگیرە، وەكو سستی دڵ، زەبحە و جەڵتەی دڵ.
-نەخۆشی شەكرە كە دەرزی ئەنسۆلین یان ئەو دەرمانانە بەكاردەهێنن كە شەكرە زۆر دادەبەزێنێت، هەروەها ئەوانەی بەردەوام شەكرەكەیان بەرزە یاخود بە پێچەوانەوە زۆر دادەبەزێت، ئەو نەخۆشانەی پێش مانگی رەمەزان پشكنینی سێ مانگی شەكرە (HbA1c)یان ئەنجامداوە و لە 9 زیاتر بووە، ئەوانەی كە تووشی ماكەكانی شەكرە بوونە وەك تێكچوونی تۆڕەی چاو، ئاوی سپی، زەختی چاو، فڕێدانی پڕۆتینی گورچیلە و ترشبوونی شەكری خوێن DKA یاخود بەردەوام شەكرەیان دادەبەزێت دەگاتە 70 یاخود بەرزدەبێتەوە بۆ 300 زیاتر.
-نەخۆشانی هەوكردن و سستی گورچیلە، هەبوونی بەردی زۆر و بەرزی یوریك ئەسید لە گورچیلەكان، وا باشە بەڕۆژوو نەبن.
-ئەوانەی قورحەی گەدە، دوانزەگرێی چالاك و خوێنبەربوونی گەدەیان هەیە. - كەمخوێنی سەخت، هەتا كەمخوێنەكەیان چاك نەبێتەوە وا باشە بەڕۆژوو نەبن.
-نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو سیل، شێرپەنجە و هەوكردنە سەختەكان.
-ئەو كەسانەی رەبۆی سەخت یاخود هەوكردنی سەختی قوڕگیان هەیە و پێویست دەكات بەردەوام ئاو بخۆنەوە و قوڕگیان تەڕ بێت.
-هەندێ لە نەخۆشانی شەقیقە بە برسیەتی بارودۆخیان خراپ دەبێ باشترە رۆژوو نەگرن.