مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
پرۆژە یاسایەك ڕێگا بەو كەسانە دەدات كە نەخۆشن و ئومێدیان بە ژیان نەماوە، مردنی ئارەزوومەندانە هەڵبژێرن و كۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پرۆژەیاسایەكی پێشكەش بە پەرلەمانی وڵاتەكەی كردووە كە لە ژێر چەند مەرجێك ڕێگا بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشییەكی قورس و ئازاری بەردەوامیان هەیە و هیچ چارەسەرێكیشیان نییە، بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە مردن هەڵبژێرن.
ماكرۆن لەبارەی پرۆژە یاساكەوە بە ڕۆژنامەی لاكرۆكس و لیبراسیۆنی ڕاگەیاند “پرۆژەیاسای مردنی ئارەزوومەندانە، زیاتر ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە نەخۆشن و لە تەمەنی پێگەیشتنی تەواودان و توانای بڕیاردانیان لەبارەی ژیان و چارەنووسی خۆیان هەیە و هیچ چارەسەریی و ئومێدێكیان بە ژیان نەمابێت.”
پرۆژەیاساكە تاوەكوو مانگی ئایاری ئەمساڵ ئامادە دەبێت، سەرۆكی فەرەنسا دەشڵێت “لە ئەگەری وەرگرتنی بۆچوونی بەكۆمەڵ و ئەرێنی لە تیمێكی پزیشكی، ماددەیەكی كوشندە بۆ كەسی پەیوەندیدار دەنووسرێت، كە دەتوانێت خۆی یان بە هاوكاری كەسێكی دیكە بیخوات ئەگەر لە ڕووی جەستەیەوە بێ توانا بێت و كۆتایی بە ژیانی بهێنیت.”
ئەم یاسایە زیاتر لە 12 وڵاتی جیهان پەیڕەو دەكرێت و هاووڵاتییان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە مردن هەڵدەبژێرن.
پرۆژە یاساكەی حكومەتەكەی ماكرۆن ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە دووچاری نەخۆشی دەروونی و لەبیرچوونەوە بوون.