شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” رۆژووگرتن و پێست پەیوەندیكی زۆریان پێكەوە هەیە و سوودێكی زۆریشی بۆ پێست هەیە.
د. رزگار عزەتخان، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری، بە زاری كرمانجی راگەیاند” رۆژووگرتن سوودێكی زۆری بۆ پێست هەیە، چونكە دەرفەتی ئەوە دەدات خانەكانی پێست نوێ ببنەوە، لە مانگی رەمەزان خەڵك لە پاشماوەی خواردن دوور دەكەونەوە ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری ئەرێنی لەسەر پێست دروست دەكات و دووردەكەوێتەوە لە چرچ و لوچی، جگە لەمەش ئەم پاشماوەی خواردن مرۆڤ تووشی جۆرەها نەخۆشی جۆراوجۆر دەكات.
گووتیشی” وەك هەموومان دەزانین پێست گەورەترین كۆئەندامی جەستەیە، هەربۆیەش رۆژووگرتن زیاتر سوود بە پێست دەگەیەنێت، بەڵام بەو مەرجەی لەكاتی بەربانگ و پارشێو میوەیەكی زۆر بخۆیت، تایبەت ئەوانەی پڕ ئاون، لەگەڵ ئەمەشدا رۆژانە كرێمی شێداركەرەوە بەكاربهێنن، بۆ ئەوەی روخسارت لە وشكبوون بپارێزیت، وەك چۆن باسیشمان كرد بەڕۆژووبوون خانەكانی پێست نوێ دەكاتەوە، لە هەمان كاتیشدا پێویستە خانمان لەو مانگەدا خۆیان لە ماكیاژكردنیش بپارێزن بۆ ئەوەی پشوویەك بە روخساری خۆیان بدەن بۆ زیاتر نوێبوونەوەی خانەكان.