مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی قاعیدە كوژرانی كەسی یەكەمی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی ڕاگەیاند و شوێنگرەوەی بۆ دیاری كرد.
قاعیدە ڕۆژی یەكشەممە 10ـى ئادار لە ڕاگەیاندراوێكدا كوژرانی خالید باتەرفی سەرۆكی ڕێكخراوەكەی لە نیمچە دوورگەی عەرەبی پشتڕاستكردەوە، بێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرا بكات.
باتەرفی بە ڕەگەز سعوودی، لە مانگی شوباتی 2020 سەركردایەتیكردنی ڕێكخراوەكەی لە ئەستۆ گرت، بە تایبەت دوای كوژرانی قاسم ئەلریمی سەركردەی ڕێكخراوەكە لە هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكیدا.
ڕێكخراوی قاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی كە لە ساڵی 2009 دامەزرا، هاوشێوەی گرووپە توندڕەوەكانی تر، لەناو ئەو پشێوییەدا پەرەی سەند كە بەهۆی شەڕی نێوان حكومەتی یەمەن و یاخیبوونی حووسییەكانەوە دروست بوو.
هەر ئەو ڕێكخراوەكەش بوو بە سەركردایەتی باتەرفی، بەرپرسیارێتی خۆی لە چەند هێرشێك گرتە ئەستۆ، بەتایبەت هێرشی سەر ڕۆژنامەی تەنز ئامێزی (شارلی ئیبدۆی) لە پاریس لە ساڵی 2015 كە بەو هۆیەوە 12 كەس گیانیان لەدەستدا.
ئەمریكا لە ساڵی ٢٠١٨ دا خالید باتەرفی وەك “تیرۆریستێكی جیهانی” ناساند و لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەسەر ئەو خەڵاتی پێنج ملیۆن دۆلاری پێشكەش كرد.
سەبارەت بە جێنشینەكەی، ئەلعەولەكی، ئەو یەمەنی یە، ناسراوە بە سەعد محەممەد عەتیف، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای ڕێكخراوەكە و لە لیستی “بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری” ئەمریكییە. ئەمریكا پاداشتی تا شەش ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە هەركەسێك كرد كە زانیاری لەسەری بدات.