زاری كرمانجی-سۆران:
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دروستکردنی قوتابخانە و نوژەنکردنەوەیان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئامانجمانە دەوامی قوتابخانەکان بکرێتە یەک دەوامی.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: دروستکردنی قوتابخانە لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و بەردەوام قوتابخانەی تازە دەکرێنەوە، لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو حکوومەت بڕیاری دا کۆمەڵێک قوتابخانە بەپێی پێویستی قوتابیان لە ناوچەکان دروست بکرێن، جگە لەوەش نوژەنکردنەوە و تەواوکاری بۆ قوتابخانەکان بەردەوامە، بۆیە سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەم گرنگی زۆر بە کەرتی پەروەردە دەدەن.
دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: ئێستا سێ دەوامی لە قوتابخانەکان زۆر بەرەو کەمبوونەوە ڕۆیشتووە و ڕەنگە لە دوو سێ قوتابخانە ھەبێت، پلانیشمان ھەیە دەوام بەرەو یەک دەوامی بچێت لە سەرجەم قوتابخانەکان، لەبەر ئەوەی بۆ قوتابیان و پرۆسەی خوێندنیش باشترە، بەڵام ئەوەیان لەسەر دۆخی دارایی دەمینێت، سەرەڕای ئەوەش بەپێی توانای حکوومەت بەردەوام دەبین لەسەر دروستکردنی قوتابخانەی تازە لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.