شەهلا رەشید- سۆران:
بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژانی رابردوو بەشی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و حەوزی لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران كردەوە و چەند نەشتەرگەریەكی لێ ئەنجامدراوە.
لەوبارەیەوە، د. حەمرین مینە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بۆ یەكەمینجار لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سنووری ئیدارەی سۆران، نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و حەوز ئەنجام دەدرێت، كە سەرجەم پێداویستی وكەلوپەلەكانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران دابین دەكرێت.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری، دەڵێت:” ئەم نەشتەرگەرییە خەرجی زۆرە و لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان سەرووی پێنج هەزار دۆلار تێچوویتی، لەكاتێكدا لە نەخۆشخانەی ئاشتی تەنها یەك ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار نەشتەر گەری ئەنجامدەدرێت، ئەو بڕە پارەیەش بۆ پێداویستییەكانی بەر لە نەشتەرگەرییە، تا ئێستا دوو نەشتەرگەری گۆڕینی جومگە بەسەركەوتووی ئەنجام دراون، ئەوانەی تووشی ئەم حاڵەتانەش دەبن زیاتر بە تەمەنەكانن.
د. حەمرین مینە، گووتیشی” بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، زیاتر هەوڵی ئەوە دەدات كە كەمترین هاووڵاتی سەردانی هەولێر و شوێنەكانی دیكە بكەن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكان.