شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” كوتان بۆ منداڵان زۆر گرنگە و لە 13 جۆر نەخۆشی گواستراوەی جیاواز دەیانپارێزێت، ئەمەش بەپێی خشتەیەك بۆیان دەكرێت.
د. رزا حەسەن حسێن، پزیشكی پسپۆری نەخۆشی منداڵان و تازە لەدایكبووان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” بۆ كوتانی منداڵان ئەم خشتەیە پەیڕەو دەكرێت و پێویستە هەموو دایك و باوكێك كاتەكانی بزانن و پشتگوێی مەخەن، خشتەكەش بەمجۆرەیە، هەفتەی یەكەم، دوو مانگی، چوار مانگی، شەش مانگی، نۆ مانگی، پانزە مانگ، هەژدە مانگی و4 بۆ 6 ساڵان.
دەشڵێت” لە حاڵەتی كوتانەكەش منداڵ تووشی هەندێك نیشانەی لاوەكی وەكو سووربوونەوە و ئازار لەشوێنی دەرزیەكە، تاو و گیان ئێشە دەبێت، ئەمانەش كاتی و ئاسایین، زۆرجاریش دەبینین لەبەر هەندێك حاڵەتی ناپێویست كوتانەكە ئەنجام نادەن بەهۆی زەردوویی كۆرپە، بۆ ئەمەش پێویست ناكات لەبەر زەردوویی منداڵەكە هیچ دۆزێكی كوتان نەكرێت یان دوا بخرێت بەتایبەت ئەگەر كۆرپەكە شیرخواردنی باش بێت و وریا بێ، هەروەها هیچ كوتانێك نابێ نەكرێت بەهۆی كەمی كێش، پەتای وەرزی و سكچوونی كەم، بەتایبەت ئەگەر تای زۆر بەرزی نەبێت، تەنها كوتانی ڤایرۆسی جگەر جۆریB، كە لە هەفتەی یەكەم دەكرێ دوادەخرێت تا یەك مانگ یان تا كێشی دەبێت بە دوو كیلۆ.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” لەم كاتانەدا كوتانەكە نابێت بكرێت یاخود دوادەخرێت، لەوانەش:
-ئەگەر منداڵەكە هەستیاری توندی هەبێ بەیەكێ لەژەمەكانی كوتان.
-كاتێك نەخۆشی بەرگری لەش و درێژخایەنەكانی وەكو دڵ، سییەكان و گورچیلەی هەبێت.
-هەندێك دەرمانی وەكو كیمیایی و ستیرۆید وەربگرێت.
-ئەگەر خوێنی تێكرابێت، یان هەر پێكهاتەیەكی تری خوێنی وەرگرتبێ.