مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ كۆتایی بەو وادەیە دێت كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ دەرهێنان و نوێكردنەوەی كارتی دەنگدان دیاری كردبوو، بەڕێوەبەری بنكەی كۆمیسیۆنی ڕواندز دەڵێ تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار كەس كێشەی پەنجەمۆرییان چارەسەر نەكردووە.
وەلید محەممەد، بەڕێوەبەری بنكەی كۆمیسیۆنی ڕواندز بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” لەو سێ هەزار كەسی كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرییان هەبوو لە سنووری قەزای ڕواندز، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار كەس نەهاتوون بۆ ئەوەی كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت،”
بەڕێوەبەری بنكەی كۆمیسیۆنی ڕواندز درێژكردنەوەی ماوەیەكی تر بە پێویست دەزانێت، بۆ ئەوەی لە دەرفەتێكی تردا پەیوەندی بە تەواوی ئەو كەسانەوە بكەن كە كێشەی پەنجەمۆرییان هەیە تا لە نزیكەوە سەردانی بنكە بكەن و كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت.
وەلید محەممەد باس لە كێشەیەكی تری كارتی دەنگدەران دەكات و دەڵێت “سێ هەزار كارتی نوێ دەنگدەران، گرفتێكی ئەلیكترۆنیان هەیە و پێویستە لە جیهازێكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە بدرێت، ئەوجا بدرێتەوە خاوەنەكانیان، لەو دوو ڕۆژە جیهازەكە دەگاتە دەستمان و هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی كارتەكان دەكەین تا لە نەبوونی كێشە لە كارتەكە دڵنیا ببینەوە.”
لە بنكەی كۆمیسیۆنی ڕواندز، نزیكەی 100 كارتی هەڵبژاردنی 2021 ماوە كە تا ئێستا خاوەنەكانیان وەریان نەگرتووەتەوە، بەڕێوەبەری بنكەی ناوبراو دەڵێ “بەشێك لە خاوەنی ئەو كارتانە لە ژیاندا نەماون و هەندێكی تریشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و بەشێكی تریشی نەیكردووەتە خەم و نەهاتووە بۆ وەرگرتنەوەی.”