شەهلا رەشید- سۆران:
پسپۆڕێكی خۆراك، لەم بابەتە تەندروستییەدا بۆ مانگی رەمەزان باسی گرنگترین جۆرەكانی خۆراك دەكات.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لەم بابەتەدا دەمەوێ ئاماژە بە چەند خۆراكێكی گرنگ و بەسوود بدەم بۆ مانگی رەمەزان، لەوانەش:
-شیر: سەرچاوەیەكی گرنگی كانزای پۆتاسیۆمە، یارمەتی زوو تێربوون دەدات و رێگری دەكات لە زیادبوونی كێش و قەڵەوی و كەمكردنەوەی كێشەكانی كۆئەندامی هەرس، جگە لەمانەش بۆ باشتركردنی باری دەروونیش بەسوودە چونكە دەبێتە هێمنكەرەوە، كەمكردنەوەی قەلەقی، چارەسەری خەو زڕان و پاراستنی تەندروستی پێست و هێشتنەوەی بە گەشاوەیی و لاواز بوونی دەم و چاو.
-ماست: یەكێكە لە هەرە خۆراكە گرنگەكان، ئەوانەی بەڕۆژوون لەكاتی پارشێو یاخود دوو كاتژمێر دوای بەربانگ بیخۆن.
-سپێناخ: لە سەوزە بەسوودەكانە، دەكرێ بە كوڵاوی یان بەشێوەی زەڵاتە یاخود وەك شلە ئامادە بكرێت و بخورێت.
-سەوزەوات: هەموو جۆرەكانی سەوزە گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە چونكە دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەكانی C و B و كانزای كالسێوم، پۆتاسیۆم، ماددە رێشاڵییەكان، ماددە دژە ئۆكسانەكان و بڕێكی زۆر لە ئاو، بەڵام بڕێكی كەم وزەیان تێدایە .
-هێلكە: سەرچاوەیەكی گرنگی ماددە پڕۆتینەكانە و یارمەتی باشتر كاركردنی غوودەی دەرەقی دەدات لەگەڵ نەهێشتنی هەستی برسیەتی لە رۆژدا، هەروەها یەكێكە لە باشترین جۆرەكانی خۆراك لە پارشێو و لەكاتی رێجیم كردن .
-خورما: باشترین بژاردەیە كە رۆژووی پێ بشكێنرێت، كاتی رۆژوو شكان دەنكێكی لێ بخورێت بۆ كەسانێك كە قەەڵەون، نەیانەویت كێشییان زیاد بكات، یاخود نەخۆشی شەكرەیان هەیە، بەڵام بۆ كەسانی لاواز دەتوانن زیاتر بخۆن، لەكاتی پارشێویش دەتوانن سێ دەنك بخۆن لەگەڵ چەند دەنكیك زەیتوون، بەڵام لە كاتی رێجیمی كیتۆ و لۆكارب رێگە پێنەدراوە .
-ماسی: هەموو جۆرەكانی ماسی بەسوودن تایبەت جۆری سەلەموون، گرنگە هەفتەی دوو بۆ سێ جار ماسی بخورێت لە بەربانگ دا.