زاری کرمانجی – سۆران:
ڕاپەڕینی گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان دژی حكومەتی بەعس، رووداوێكی گەورە و گرینگ و مێژوویی بوو، دەستكەوت و گۆڕانكاری و وەرچەرخانێكی گەورەی هێنایە ئاراوە، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەرەنجامی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵكی كوردستان دادەندرێت.
راپەڕینە مەزنەكە، بۆ یەكەمین جار لە 5ی ئاداری 1991 لە رانیە دەستی پێكرد و تا 21ی مانگ بەردەوام بوو، بەو شێوەیە تێكڕایی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لە هەرێمی كوردستان كرانە دەرەوە. پێنج رۆژ دوای رانیە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 10ی ئاداری 1991 جەماوەری سنووری سۆران راپەڕینیان كرد و توانرا لە چەند كاتژمێرێكدا سەرجەم بنكە و دامودەزگاكانی ئەمنی و سەربازی رژێمی بەعس كە ئەو كات زیاتر لە 43 هەزار سەرباز و چەكداری هەبوو لە سنوورەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و ئاڵای پیرۆزی كوردستانی تێدا بەرزبكەنەوە .
راپەڕینی سۆران بە خوێنی سێ شەهیدی قارەمانی دەڤەرەکە بە ناوەكانی” باقی عزیز شێروانی، شاكر ئەحمەد خان باڵەكی، تاهیر عبدڵڵا پیرسوەیی “تەواو بوو.
ئەوانەی بەشداری راپەڕینی سۆرانیان كرد ژمارەیان زۆرە، یەكەم شوێن كە لە سۆران كۆنترۆڵكرا نەخۆشخانەی گشتی سۆران بوو دواتر تەواوی شوێنەکانی دیکە کۆنتڕۆل کرا و کەوتە ژێر دەستی پێشمەرگە و جەماوەری دەڤەری سۆران .