شەهلا رەشید- سۆران
هەرچەندە لە مانگی رەمەزاندا، پیاوان ئەركیان لە ژنان كەمترە، چونكە لەم مانگەدا خانمان بەهۆی زوو هەڵسان لە خەو و ئامادەكردنی نانی بەیانی بۆ منداڵەكانیان كەمتر دەرفەتی نووستنیان هەیە، جگە لەمانەش ئامادەكردنی خواردن بۆ بەربانگ و چەندین ئەركی دیكە و هەموو ئەمانەش لەگەڵ بەڕۆژووبوون هۆكارن بۆ ماندووبوون، كە چی تێبینی دەكرێت پیاوان زۆرتر تووڕە دەبن و بە بچووكترین هۆكار هەڵدەچن.
سەبارەت بەمەش، ماڵپەڕی كەناڵی جەزیرە لە راپۆرتێكدا، ئاماژە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەكات، ئایا لە مانگی رەمەزان ژنان زیاتر تووڕە دەبن یاخود پیاوان؟
لە راپۆرتەكە باس لە دوو هۆكار كراوە، یەكەمیان ئەوەیە پیاوان زیاتر مەیلیان بەلای جگەرە و قاوە هەیە، كاتێك لە رەمەزاندا لەمانە دادەبڕێن لەم حاڵەتەدا تووڕە دەبن، بەڵام شارەزایان باس لەوە دەكەن هۆكارێكی تریش هەیە، ئەویش پەیوەندی بە سروشتی تووڕەبوونی ژنانەوە هەیە.
هەر لەمبارەوە، جون تانگنی مامۆستای دەروونزانی، لە وتارێكیدا لە ماڵپەری (APA)دا ئاماژەی بەوەكردووە” جیاوازیەكی زۆر لە نێوان شێوازی توڕەبوونی پیاو و ژن هەیە، پیاوان زیاتر حەزیان لەوەیە بە توندی تووڕەبوونیان دەربڕن، بەڵام ئافرەتان حەزدەكەن بە قسەكردن و دەردەدڵ ئەو كارە بكەن.
د. دالیا عوسمان، دەڵێت” زەحمەتە پیاوێك بدۆزیتەوە لە مانگی رەمەزاندا كێشە دروست نەكات، زۆرێك لە ژنان چاوەڕوانی ئەوە لە هاوسەرەكانیان وخۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئاما دەكەن، ئەوە مانای ئەوە نییە كە ئافرەتان تووڕە نابن، بەڵكو ئەوانیش تووڕە دەبن بەڵام توانای تێپەڕاندنی بارودۆخەكەیان هەیە.