بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف رایگەیاند: خەتەنە كردنی دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی قورس و تەنانەت مردنیش.
رێكخراوی (یونیسێف) لە ڕاپۆرتێكیدا دەریدەخات زیاتر لە 30 ملیۆن ژن و كچ لە جیهاندا خەتەنە كراون و زۆربەیان لە ئەفریقا دەژین.
سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونیسێف) مەزەندەی كردووە ” لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 30 ملیۆن كەس خەتەنە كراون، و بەشێك یان تەواوی ئەندامی زاوزێیان بە هۆكاری ناپزیشكی لابراون”.
لە راپۆرتەكەدا زیاتر شیكراوەتەوە” ڕێژەی ئەو ژنان و كچانەی خەتەنەكردنیان هەیە لە دابەزیندایە، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی هەوڵەكان بۆ بنبڕكردنی ئەو كارە زۆر بە هێواشی دەڕۆن بۆ ئەو ژمارەی دانیشتووانەی بە خێرایی گەشە دەكەن”.
كاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕەوتێكی (نیگەرانكەر) و تێیدا كچان زیاتر لە تەمەنێكی بچووكتردا خەتەنە دەكرێن، تەنانەت پێش پێنجەمین ساڵیادی لەدایكبوونیان، كە بە گووتەی خۆی مەودای دەستێوەردانی خۆپارێزی سنووردار دەكات، و خەتەنەكردنی مێینە كە بە هەڵە پێیان وایە كۆنتڕۆڵی سێكسییەتیان دەكات، دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی قورس و تەنانەت مردنیش”.
یونیسێف نووسیویەتی ” تەنها لە ئەفریقا نزیكەی 144 ملیۆن ژن و كچ خەتەنە دەكرێن، دوای ئەویش ئاسیا بە 80 ملیۆن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە 6 ملیۆن خەتەنە دەكرێت”.
بەپێی راپۆڕتەكە ” سۆماڵ لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانەیە كە خەتەنەكردنی مێینە ئەنجام دەدەن، 99%ی دانیشتوانی مێینە كە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 49 ساڵدایە لەم وڵاتە خەتەنەیان كردووە”.
لەم راپۆڕتەدا هاتووە ” لە نێو وڵاتانی قەیراناویدا، ئەسیوپیا، نەیجیریا و سودان زۆرترین ژمارەی كچان و ژنانی خەتەنەكراویان هەیە”.